کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جواد زەریف وتوویەتی، ڕووسیە لە سیاسەتی دەرکی و کاروباری ئێراندا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە

19:09 - 6 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی یەکشممە ٥ی بانەمەڕ، تێلێڤیزیۆنی "ئێران ئینتێرنشناڵ" فایلێکی دەنگیی لە وتووێژی ''محەممەد جەواد زەریف'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئیران بڵاو کردەوە کە باس لەوە دەکات ڕووسیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا بە هاوکاریی سپای پاسداران ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە.

ناوبراو لەو فایلە دەنگییەدا کە ٣ کاتژمێرە باس لەوە دەکات کە سپای پاسداران و ڕووسیە بۆ تێکدانی ڕێکەوتنی بەرجام هاوکارییان هەبووە.

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات، سەفەری ''قاسم سلێمانی'' بۆ ڕووسیە بە ویستی ڕووسیە و بەبێ چاوەدێریی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بووە، چونکە بە وتەی ناوبراو ئامانجیان ئەوە بووە دەستکەوتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بابەت بەرجام تێک بدەن.

بە وتەی ''زەریف'' ڕووسیە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بەکار بردووە کە بەرجام بە ئاکام نەگات و بەڵگەی بۆ ئەو ئیدعایە ئەوەیە کە ڕووسیە لە ڕێوڕەسمی دوای واژۆکردنی بەرجام بەشدار نەبووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە دەستێوەردانەکانی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران وتوویەتی کە بەهۆی گوشارەکانی فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدران بووە کە دیپڵۆماسیی فیدای مەیدانی شەڕ کردووە.

زریف باسی لەوە کردووە کە لە ئێراندا جێگە و پێگەی کەسانی نیزامی و دیپڵۆماتەکان بە پێچەوانەیە.

لە کاردانەوە بە قسەکانی ''محەممەد جەواد زەریف'' لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆرێک لە بەرکارهێنەران باس لەوە دەکەن، بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە بەئەنقەست و لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان بە مەبەستی تەبلیغات بۆ دوو لایەنی توندئاژۆ و میانەڕەو لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بووە.