کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆ بایدن: کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکان، یەکێک لە بێ ڕەحمانەترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستمە

12:02 - 5 بانەمەڕ 2722

سەرکۆماری ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ٤ی بانەمەڕ، لە ١٠٧ـەمین ساڵوەگەڕی دەسپێکی کوشتاری ئەرمەنییەکان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وتوویەتی: "ئەو ڕووداوە یەکێک لە بێ ڕەحمانەترین کوشتارەکانی سەدەی بیستمە".

جۆ بایدن، یاد و ناوی یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی، لەوانە ڕۆشەنبیران و ڕێبەرانی کۆمەڵگای ئەرمەنی لە ئیستانبوڵ کە لە ڕەوتی ئەو کۆمەڵکوژییەدا کوژران بەرز ڕاگرت و بەڵێنیی ئامریکای بۆ وشیارمانەوەی لە هەمبەر کاریگەریی وێرانکەری ڕەق و کین لە هەموو فۆرمەکانیدا خستەوە بەر باس.

کۆشکی سپی ساڵی ڕابردوو لەو کاتەدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئامریکا بە فەرمی کوشتاری ئەرمەنییەکان بە ژینوساید دەناسێنێت و بەڵێنیی ئەوە دا پێش بە دووپاتبوونەوەی ڕووداوی لەم چەشنە بگرێت.

ئەو بەیاننامەیە توڕەیی بەرپرسانی تورکیە یەک لەوان ''ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرکۆماری ئەو وڵاتەی بە دواوە بوو. ناوبراو ئەو هەڵوێستەی ئامریکای بە هۆکاری تێکچوونی پێوەندیی دوو لایەنە زانیوە و داوای لە بەرپرسانی ئامریکا کردووە بەخێرایی لە قسەکانیان پاشگەز ببنەوە.

جۆ بایدن یەکەم سەرکۆماری ئامریکایە کە وادەی خۆی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە بەفەرمی ناسینی کۆمەڵکۆژی ئەرمەنییەکان بەکردەیی کرد.

تورکیە کۆمەڵکۆژیی ئەرمەنییەکان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئارشیوەکانی ئەو وڵاتە بۆ لێکۆڵینەوە و هینانەبەرباسی ئەو بابەتە کراوەیە.

کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ و ١٩١٧ی زایینی، بە مەبەستی لەنێوبردن و سڕینەوەی ئەرمەنییەکان ڕووی دا. بەپێی بەراوردەکان نزیک یەک تا یەک و نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی ئەرمەنی بە دەستی سپای عوسمانی کوژران.