کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازیی هەڵویستی ترامپ لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران، بە بەراورد لەگەڵ ئۆباما

19:13 - 23 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی نیشتمانیی ئامریکا، لە وتووێژێکی تایبەتدا، چاوەڕوانییەکانی دەوڵەتی ترامپی پاش چوونەدەرەوە لە بەرجام خستووەتە ڕوو.

ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی نیشتمانیی کۆشکی سپی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا وتوویە: کە بەپێچەوانەی دەوڵەتەکانی پێشووتر، بۆ سەرۆک ترامپ بەرژەوەندییەکانی ئامریکا لە هەموو شتێک سەرەتیترن.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە، کە لەو یەک ساڵەدا، بە ڕوونی بۆ هەموو جیهان دەرکەوتووە، کە سەرۆک ترامپ هەر ئەو شتەی کە لە کاتی پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردنەکان وتوویە، بە کردەوەش ئەنجامی داوە.

بۆڵتون وتوویە: "کۆمەڵێک کێشە و گرفت لە سەردەمی ئوباماوە بۆ ترامپ بەجێ مابوون، کە بە باشی توانی چارەسەریان بکات و لەو بوارانەدا بڕیاری پێویست و دروست بدات.

جان بۆڵتون، لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پاش ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، ڕێژیمی ئێران ناچار بە دانوستان دەبێت یان دۆخەکە بەرەو ڕوودانی شەڕ دەڕوات؟ وتوویە: "بە ڕای من هیچ تێکەڵچوونێک ڕوو نادات، کاتێک کە گەمارۆوەکان سەرلەنوێ بۆ سەر ئێران دانرانەوە، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر سەرمایەداران و بازرگانانی ئورووپایی دەبێت و بە زوویی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکانی خۆی ناچار دەبێت، هەتا لە ڕێگای دانوستانەوە هەوڵ بدات ڕێککەوتننامەی لەگەڵ ئورووپایییەکان قورس و قایمتر بکات".

ناوبراو بە نیسبەت هۆکاری کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و هەوڵدان بۆ بەستنی ڕیککەوتننامەیەکی باشتر لەگەڵ ڕێژیمی ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە بەتەواوەتی پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی بگیردرێت.

لەو بارەوە وتوویە: "بە بڕوای من پاش دانانی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە دەگاتە ئاستێک کە وەکوو کورەی باکوور بۆ هەمیشە خۆی واز لە پرۆژەی ناوکی بێنێت".