کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"جیبهەی دێموکراتیکی ئەحواز" پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد کرد

11:35 - 6 پووشپەڕ 2720

"جیبهەی دێموکراتیکی ئەحواز" لە پەیامێکدا پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد دژی ڕێژیمی ئێران کرد، لەو پەیامەدا هاتووە، بوێری و بەردەوامیی ئێوە شۆڕشگێڕانی کورد لە پیر و لاو، کرێکار و خوێندکار، سەرجەم بەرنامەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی تووشی سەرلێشێواوی کردووە.

"جیبهەی دێموکراتیکی ئەحواز" وێڕای ئەوەیکە پشتیوانیی لە خەباتی نەتەوەی کورد کردووە، لە پەیامێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەو قۆناغە هەستیارەدا کە چارەنووسی نەتەوەکانی ئێران لەژێر زوڵمی فاشیزمی فارسدا دەچەوسێتەوە، نەتەوەی کورد بە هەموو تواناوە لە بەرانبەر تێرۆریستەکانی ڕێژیمی تاراندا ڕاوەستاوە.

لەو پەیامەدا هاتووە: "لە ماوەی ڕابردوودا پێشمەرگە قارەمانەکانی نەتەوەی کورد لە شەڕ و تێکهەڵچوونێكدا، دەستەیەک لە جاش و پاسدارەکانی ڕێژیمی ئێرانیان لە چیای هەڵگورد سزا دا".

لەو پێوەندییەدا، "جیبهەی دێموکراتیکی ئەحواز" وێڕای ئەوەیکە پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەی کورد دەکات، پشتیوانی لە بڕیارەکانی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانیان دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامەدا هاتووە: "خەباتی ئێوە دژی داگیرکەرانی ڕێژیمی تاران کە ڕێژیمێکە ماوەی ١٠٠ ساڵە لە هیچ زوڵم و جینایەتێک دژی کورد دەستی نەپاراستووە؛ جێگای ڕێزه و ئەوەش نیشانەی تێگەیشتوویی ڕۆڵەکانی ئێوەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی".

لە کۆتایی ئەو پەیامەدا هاتووە: "جیبهەی دێموکراتیکی ئەحواز وێڕای پشتیوانی لە ئێوە نەتەوەی کورد، هیوای ئەوەیە کە خەباتێکی هەمەلایەنە، پێکهاتوو لە هەموو نەتەوەکانی ئێران دژی ڕێژیمی داگیرکەری تاران پێک بێت".