کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی شەوی یەڵدا و ٨٩یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو لە هەولێر بەرز ڕاگیرا

18:53 - 1 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی ڕێبەری ئاشتیخوازی گەلی کورد لە هەولێر لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارەدا بەڕێوە چوو.

شەوی ٣٠ لەسەر ١ی بەفرانبار کە دەکاتە شەوی یەڵدا یان "چلە" کە هاوکاتە لەگەڵ ٨٩یەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، کۆمیتەی هەولێری سەر بە دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەولێر ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا و لەدایکبوونی "دوکتور قاسملوو"ی نەمر، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ناوەندی سیاسی و بەرپرس و ئەندامانی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب و ئەندامانی حیزب لە هەر دوو کۆمیتەی هەولێر و قوشتەپە بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و "خولەکێک بێدەنگی"، بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

 پاشان شێعرێک و کورتەیەک لەبارەی مانای وشەی یەڵدا و مێژوو و بنەچەی ئەو بۆنەیە، لەلایەن "شەریف فەلاح"، پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، "تاهیر مەحموودی"، بەرپرسی دەزگای گشتیی ڕێکخستنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وتارێکی سەبارەت بە کەسایەتیی "دوکتور قاسملوو" و ئەندێشە و کاریگەریی ئەو ڕێبەرە لەنێو حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.

ناوبراو لە وتارەکەیدا، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و دەوری "دوکتور قاسملوو" لە پاراستنی پرەنسیپەکانی حیزب و جێخستنی ئەندێشەی شۆڕشگێڕانە لەنێو ڕیزەکانی حیزب، تیشکی خستە سەر ڕەهەندەکانی بیری دوکتور قاسملوو و ئامانجەکانی بۆ پتەوترکردنی خەبات.

"مەحموودی" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی سەربەخۆیی سیاسیی حیزب، ئاماژەی بە وتەیەکی "دوکتور قاسملوو" کرد کە دەڵێت: "ئامادەین لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی سیاسیدا دەست لە دۆستایەتی هەڵبگرین و ئێمە حیزبێکی سیاسین کە پێبەندی بنەما و گەوهەرەکانی ئەندێشەی دێموکراسی و مافی مرۆڤین و هاوکات لەگەڵ ئەوەی ڕێز لە دۆستایەتی و هاوپەیمانی سیاسی دەگرین، بەڵام ڕێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک ڕێ و شوێنمان بۆ دیاری بکات".

بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب لە درێژەی قسەکانیدا، باسی لە کاریگەریی دوکتور قاسملوو لە جێخستنی ڕێزگرتن لە ژنان و مافی یەکسانی کرد و باسی لە چەند ڕەهەندێکی دیکەی بیر و باوەڕەکانی دوکتور قاسملوو لە بەرەوپێشبردنی قۆناغە جیاجیاکانی حیزبی دێموکراتدا کرد.

  لە بڕگەیەکی دیکەدا، هونەرمەند "غوڵام فاتێحی"، بە سروودێک بە ناوی "قاسملوو"، ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدای ڕازاوەتر کرد.

پاشان دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزب، وەک نەریتی ئاسایی ساڵانی پێشوو، خەڵات و لەوحی ڕێزلێنانی پێشکەش بە پۆلێک لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی کە ٢٠ ساڵ بەسەر تێکۆشانی سیاسی و مانەوەیان لە ڕیزەکانی حیزب تێپەڕیوە، کرد و بەم چەشنە ڕێزی لە خەبات و خۆڕاگرییان گرت کە لەلایەن ئەندامانی ناوەندی سیاسی و ئەندامانی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبەوە خەڵاتەکانیان پێ بەخشرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، بەبۆنەی یادی شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو، کەیکێک ئامادە کرابوو کە لەلایەن "شیما و هەوراز مینبەری"، هاوسەر و کوڕی شەهید "شۆڕش مینبەریـ"ـیەوە بڕدرا.

بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا و ٨٩یەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو، شایی و دیلان و هەڵپەڕکێی پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب بوو کە دەست لەنێو دەست بەڵێنییان دا، هەتا دیلانی کاتی ڕزگاریی یەکجارەکی، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بن.