کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی لە دایکبوونی داری ڕەحمەت لە تاقەوسان بەڕێوە چوو

18:25 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: جێژنی ٧٠٠ ساڵەی لەدایکبوونی داری "ڕەحمەت" لە تاقەوسانی کرماشان بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، جێژنی سێمبۆلیکی لەدایکبوونی کۆنترین دارچناری ٧٠٠ ساڵەی تاقەوسان، لە کەشێکی کوردانەدا و بە بەشداری بەرچاوی خەڵکی کرماشان بەڕێوە چوو.

داری "ڕەحمەت"، مێژوویەکی کۆنی ٧٠٠ ساڵەی هەیە کە لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەو ناوە ناودێر کراوە و لە دەوروبەری شوێنەواری مێژوویی تاقەوسانی کرماشان هەڵکەوتووە.

دارچناری ڕەحمەت، ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، وەکوو شوێنەوارێکی سرووشتی تۆمار کراوە، بەرزایی ئەم دارە ٣٧/٧ میتر و پانایی دارەکە ٨/٤٦ میترە و بە لای خەلکەوە جگە لە بایەخی سرووشتی، خاوەن بایەخی کلتووری و مێژووییشە.

ئەم دارە لە کلتووری خەڵکی کرماشاندا بە سیمبولێک بۆ بەهێزبوون، کۆنەساڵی و گەورەیی دەناسرێت.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هەڵپەڕکێی کۆمەڵێک لاو بە جلوبەرگی کوردییەوە ڕاز بوویەوە و هەر بەم بۆنەیەوە منداڵانی کرماشانی وێنەی دارەکەیان لە سەر پارچە کێشابوویەوە.