کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ/ چالاکیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەردەوامە

18:24 - 26 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە شارەکانی سنە، باینگان، بۆکان، سەقز و پیرانشار، چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٦٩مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبەکەیان بەردەوامە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ رێزگرتن لە ٢٥ی گەلاوێژ، ٦٩مین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان دەستیان دایە چالاكی تەبلیغاتی و رێزیان لەو رۆژە گرت.

ئەو شوێن و ناوچانە بریتین لە:

سنە

لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە گوندی \'\'سەڕێز\'\' بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە پێنج شوێن ئاگری ٢٥ی گەلاوێژ كرایە و هەروەها ئاڵای كوردستان هەڵكراوە.

ئەندامانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبەکەیان لە گوندەکانی \'\'نییەر، تەنگیسەر و مێراو\'\' لە ناوچەی \'\'ژاوەرۆ\'\'ی سنە چالاکیی تەبلیغاتییان بەڕێوەبرد.

ئەندامان و تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناو ئەو گوندانەدا ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و لە بەرزایی‌یەکانی زاڵ بەسەر ئەو ناوچەدا ئاگری ٢٥ی گەلاوێژیان کردەوە و هەروەها تراکتی تایبەت بەو روژە بڵاو کردەوە.

باینگان

رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ ئەندامانی حیزبی لە ناوچەی بانەوەرەی ئیمامی چوونەتە گۆڕستانی ئەو ناوچەیە و لە سەر گۆڕی شەهید \'\'مەلا رەوف\'\' دوای خوێندنی فاتێحە لەسەرگڵكۆی ئەو شەهیدە مۆمیان هەڵکرد و دوایی لەسەر ئەشكەوتی \'\'حوسێن كۆكەن\'\' ئاگری ٢٥ی گەلاوێژیان کردەوە.

هەروەها رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ ئاگرێكی گەورە لە بەرزایی‌یەكانی دۆڵی برانان هەڵكرا كەلە ئاوایی‌یەكانی \'\'لاران ئیمامی، ئاوایی جوجار و پاسگای شاهۆ و پاسگای ملە پاڵنگانە و پاسگای باینگان\'\' دیار بوو.

لەلایەکی دیکەوە لە بەرزایی‌یەكانی دەرەسۆران، لاران، بیوەن و ملەرەش ساتیاری، ئاگر كرایەوە كەلە ئاوایی‌یەکانی لاران بیون، جوجار، بلەیی، باینگان، جادەی پاوە ــ باینگان، جادەی لاران ١ و ٢، پاسگای سپای شاهۆ، پاسگای باینگان، پاسگای میراولێ، زرنچیا، ئاوایی میراولێ، پاسگای شاهۆ، پاسگای ملەپاڵنگانە، جادەی جوانڕۆ ــ پاوە، جادەی پاوە ــ كرماشان دیار بوو.

بۆكان

چالاکی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له بۆکان رێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ له گوندەکانی گامیشگۆلی، برایم ئاباد و گویگجەلی بە پەخشکردنەوەی بڵاوکراوەکانی کومیسیۆنی تەشکیلات چالاکییان بەڕێوە برد.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەسه ر گردی ئەڵماس له ئاوایی گویگجەلی ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و به رەگباری کلاشینکۆف تەقەی خوشییان کرد.

رێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژ له ئاوایی موشیر ئاباد ئاڵای کوردستان له قەوارەیەکی گەوره لەسەر جادەی موشیرئاباد گویگجەلی هەڵکراوە و هاوکات ئاورێکی زور گەوره لە چیای پیرمحەممەد هەڵکرا.

دەستەیەک له تێکوشەرانی حیزب بۆ رێزگرتن له خەباتی ٦٩ ساڵەی حیزب و بەرز نرخاندنی خەباتی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به جلوبەرگی پێشمەرگە و لە ملکردنی ئاڵای کوردستان رێپێوانێکی چەند سەعاتەیان له چیا و دەشتەکانی سێگردكانی ئاڵەشیندا وەڕێخست.

بەبۆنەی ٢۵ی گەلاوێژ رێبوارانی دێموکرات هەر لەو رۆژەدا کاتژمێر ٧ی ئێوارە له سەيرانگای کێوەڕەش بەرانبەر بە شار ئاڵای پيرۆزی کوردستانیان هەڵکرد بە کۆبوونەوە لە دەوری ئاڵاکە بەڵێنیان لەگەڵ رێبازی دێموکرات و شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دووپات کردەوە.

ئێوارەی هەمان رۆژ رێبوارانی دێموکرات له ئاوايی ئاڵی کەند زێدی \'\'قاسم باقی\'\' فەرماندەی دێموکرات چوونە سەر كێوی سپیی ئاڵی کەند زاڵ بەسەر گوندەکانی دەوروبەری ئەو ناوچەیە و ئاڵای کوردستانیان هەڵکرد و ئاگری جێژنی ٢٥ی گەلاوێژیان کردەوە.

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان بەبونەی ٢٥ی گەلاوێژ لەسەر چیای \'\'ئالمەلوو\'\' له نزیک جادەی مەهاباد بۆکان و له نێوان ئاوایی‌یەکانی \'\'حاجی ئاڵی کەند، بورهان و قەمتەری\'\'دا ئاوری ٢٥ی گەلاوێژیان هەڵکرد و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە.

سەقز

ئەندامانی ێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تێکۆشەرانی رێبازی دوکتور قاسملوو لە ئاوایی‌یەکانی \'\'چۆمەڵوو و قارەوا\'\' سەربە شارستانی سەقز بە بونەی ٢٥ی گەلاوێژ ئاگریان کردەوە و تراکتی حیزبیان تایبەت بەو رۆژە لەو گوندانە دا بڵاو کردەوە.

پیرانشار

بۆ چەندەمین جار ئەندامانی حیزب چالاکییان لە پیرانشار بەڕێوە بردووە.

تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ کۆڵانەکانی ئارەزوو، ئیخلاس، نەسیم، گوڵان، کەوسەر، مەلا شەفیع، قەس قەپان، قانیع، شەونم و هەروەها لە شەقامی دوکتور قاسملووی شەهید، مەلا رەزا، ٢٤ میتری، ١٦ میتری، ئیسارگەران و مزگەوتەکانی قودس، جامیعە، چوار یاری نەبی، حەزرەتی عومەر، حەزرەتی ئیبراهیم، ئیسماعیل و ئەنسار، بۆ چەندەمین جار چالاکییان بەڕێوە برد.