کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگای نەوتی ڕێژیمی ئێران لە بازاڕەکاندا گیرایەوە

13:14 - 11 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دوای گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران، ئامریکا نەوتی خاوی سووک بۆ جێگرەوەی نەوتی ئێران، ڕەوانەی بازاڕەکان دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تەلویزیۆنیی "بلۆمبێرگ"، ئامریکا نەوتی خاوی سووکی نوێی ڕەوانەی بازاڕەکان کردووە و بۆ کڕیارانی وڵاتانی ئاسیایی ناردووە، تا جێگای نەوتی خاوی ئێران بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پلاستیکی لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژ بڵاوبووتەوە، هاتووە کە پاڵاوگە و بەرهەمهێنەرانی بەرهەمە پێترۆشیمییەکان لە وڵاتی کۆرەی باشووردا، کڕینی نەوتی خاوی سووکیان کە لە "تێگزاس" و "نیو مێکزیکۆ" بەرهەم دەهێنرێت، دەست پێکردووە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بازارەکانی ئاسیا لە هەوڵی دانانی جێگرەوەیەک بۆ نەوتی ڕێژیمی ئێراندان و وڵاتانی قەتەر، نیجیریە، نۆروێژ و ئامریکا، نەوتە پێویستەکانی بازاڕ دابین دەکەن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دوای چوونە دەرەوە لە بەرجام، لە دوو نۆرەدا، گەمارۆکانی بە دژی ئێران گەڕاندەوە و ڕایگەیاندووە کە ئامانجی کۆتایی لە تەحریمی نەوتی ئێران، گەیاندنی داهاتی هەناردەی نەوتی ئێرانە بە سیفر.

هەروەها پێشتر، ''برایان هووک"، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، وتوویەتی کە لە ئێستادا هیچ لێبووردنێک لە گەمارۆکانی دژ بە کڕینی نەوتی ئێران بە وڵاتان نەدراوە و کڕیارانی نەوتی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە تەحریم دەکرێن.