کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران: نزیکەی ٢٥ لەسەدی مەرگەکان بەهۆی کۆرۆنایە

12:15 - 8 گەلاوێژ 2720

''ئیرەج حەریرچی'' جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی، لە ئێستادا تەنیا ٥ پارێزگا لە دۆخی سووردا نین، بەو واتایە لە ٨٣ ملیۆن حەشیمەتی ئێران، ٧٠ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لەو پارێزگایانەن کە لە دۆخی سووردان.

''حەریرچی'' ڕۆژی سێشەممە ٧ی گەلاوێژ، لە بەرنامەیەکی تێلڤیزیۆنیدا لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی کۆرۆنا وتوویەتی، زۆربەی پارێزگاکان کە بەنیسبەت ڕابردوو لە دۆخێکی شین یان سپیدا بوون ئێستا لە دۆخی سووردان و ئەمە کارەساتێکە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کارەساتی سەرەکی لە تاران ڕوویداوە و ئەو شارە لە ڕیزی سێیەمی ئامارەکانی قوربانییان و تووشبووان بە کۆرۆنایە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا وتوویەتی، نزیکەی ٢٥ لەسەد و زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی مەرگەکان بەهۆی کۆرۆنایە.

''حەریرچی'' لەبارەی ڕێوڕەسمی "موحەڕەم" کە خامنەیی و ڕووحانی پێداگری لە بەڕێوەچوونی دەکەن وتوویەتی، بۆ ڕێوەڕەسمی موحەڕەم دوخێکی تایبەت لە بەرچاو دەگیردرێت و باسی تایبەتی لەسەر دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە حاڵێکدا دۆخی کۆرۆنا لە ئێران بە کارەسات ناو دەبات کە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پێشگیری و کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییە هیچ هەنگاوێکی جیددیان هەڵنەگرتووە و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان زیاتر بواریان بۆ تەشەنەسەندنی ئەو نەخۆشییە ڕەخساندووە.