جێگری مافی مرۆڤی وەزیری دادگوستەریی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە چوونە ژێر پرسیاری ئێران لە پێوەندی لەگەڵ منداڵهاوسەری لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا وتوویەتی، ڕێژەی ڕاستەقینەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی کەم لە ئێراندا زیاتر لە ئاماری فەرمییە.
''مەحموود عەباسی'' لە وتوویژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" وتوویەتی، نرخی ڕاستەقینەی تاوانە جۆراجۆرەکان لە ئێراندا لاینکەم سێ بەرابەری ئامارە بڵاوکراوەکانه.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی باسی لەوە کردووە لە زۆرێک لە حاڵەتاکەندا بنەماڵەکان بەهۆی نیگەرانی لە ئاکامی ئەو کارە، بێ ئەوەیکە بە فەرمی تۆماری کەن، پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵان بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدەن.
بەپێی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ئاماری هاوسەرگیریی کچانی ١٠ هەتا ١٤ ساڵە لە ساڵی ٩٩ لە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٨دا ١٠.٥ لەسەد بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی ڕابردوو ٣١ هەزار و ٣٧٩ کچی ١٠ هەتا ١٤ ساڵە هاوسەرگیریان کردووە و لە حاڵەتێکدا کچێک تەمەنی کەمتر لە ١٠ ساڵ بووە.
''مەحموود عەباسی'' دوو هۆکاری سەرەکیی منداڵهاوسەری بۆ هەژاریی فەرهەنگی و ئابووری گەڕاندووەتەوە.