کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگیری ئەمنییەتی وەزیری ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد

12:42 - 2 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: جێگیری ئەمنییەتی وەزیری ڕێژیمی ئێران باسی لە هەڕەشەی هێرشی نیزامیی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "حوسێن زوولفەقاری"، جێگیری وەزیری ئەمنییەتی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران بە ئاماژەکردن بە چالاکییەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و بەلووچستان، ڕایگەیاند: "شوێنی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە هێندێک لە وڵاتە دراوسییەکانن و ئێمە بە بەرپرسانی ئەم وڵاتانەمان ڕاگەیاندووە، کە خۆیان لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستیانە هەڵسوکەوت بکەن و ئەگەر ئەوان ئەم کارەیان ئەنجام نەدا، ئێمە بۆ خۆمان ناچارین بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی وڵاتەکەمان، بنکەکانی ئەم گرووپە تێرۆریستیانە لە سنوورەکان بکەیەن ئامانج".

ناوبراو هەروەها لەو وتوێژەدا چالاکییەکانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە "غیر قابل تحمل" زانیووە و ڕاگەیاند: "ئێمە زانیاریی وردمان لە پەیوەندی لەگەڵ پەیوەندیی نێوان گرووپه تێرۆریستییەکان، ئاژانسەکانی  ئیتلاعاتی هێندێک  لە وڵاتان، پشتیوانی لەو گرووپە تێرۆریستیانە و ئەو جموجۆڵانەی کە ئەنجامی دەدەن، هەمانە".

ئەو کاربەدەستە پلەبەرزەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە، تەنانەت هێندێک لە ئاژانسە ئیتلاعاتییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم گرووپە تێرۆریستیانەدا لە پەیوەندی دان".

لە لایەکی دیکەوە، "ڕەمەزان شەریف"، وتەبێژی  و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران پاش شەڕ و تێکهەڵچوونی مەریوان  و کوژارانی ١١ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران، بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند: " هوشداری بە ڕێکخراو و ئاژانسە ئیتلاعاتییەکانی بێگانە دەدەین که تۆڵەی تووند؛ لەم ڕووداوەی دوایدا لە دەستووری کاری شەڕکەرانی ئیسلامدا هەیە و باشترە دەست لە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە تێرۆریستیانە هەڵبگرن؛ چوونکە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی وەها حاڵەتگەڵێکدا لەگەڵ مستێکی ئاسنینی هێزە ئەمنییەتی و بەرگیرییەکانی وڵات، بە تایبەتی سپای پاسداران ئینقلابی ئیسلامیی بەرەوڕوو و ناچار بە دانی تێچووی ڕاستەوخۆ دەبن."

لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێوخۆی وڵات دەستیان بە چالاکی کردووە و حکوومەتی ئێرانیش بە بیانووی بوونی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات و هەڕەشەی هێرشی نیزامی بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبە کوردییەکان دەکات.