کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلال مەلەکشا، پێشمەرگەیەک لە ڕەگەزی وشە سەرکەشەکان

11:39 - 11 خەزەڵوەر 2720

بێهزاد قادری

مامۆستا جەلال مەلەکشا، ساڵی ١٣٣٠ی کۆچی هەتاوی لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە  لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایک بووە. بە گوێرەی شەڕ و نەهامەتی و زوڵم و زۆری سەردەمی منداڵی و لاویەتیی مامۆستا جەلال، ئەمیش بەو ئەندازە، ئەم ئاژاوە و زوڵمانە لە ژیانیدا ڕەنگی داوەتەوە و جەلالێکی سەرکەش و سەربەرزی پێک هێناوە. هەروەها ناوبراو توانیویەتی ئەم سەربەرزی و سەرکەشبوونەی بە شێعر دەرببڕێت.‌

بەهۆی دەسەڵاتی زاڵی ئەو کاتە سەرەتا بە فارسی شێعر و چیرۆکی نووسیوە کە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران بە کوردی دەنووسێت و بە هێز و گڕێکی تایبەتەوە وشەکانی لەسەر لاپەڕە ڕیز دەکات.

مامۆستا جەلال مەلەکشا دەبێتە نووسەر و ڕۆژنامەوانی گۆڤاری "سروە" و لەوێ بە بیر و هزرێکی نەتەوەییەوە چالاکیی خۆی درێژە پێ دەدات. تەنیایی، نیشتمان، ئاڵا، خاک و کوردستان لەنێو شێعرەکانیدا زۆرترین ڕەنگ و بۆنیان هەیە. نیشتمان و خاک و جوگرافیای کوردستان دەکات بە ملوانکە و مەداڵیایەک و لە ملی دەکات و دایناکەنێت. مەلەکشا، بە چاندنی وشەگەلێکی جیاواز، خاکی کوردستان وێنا دەکات! لە یەکێک لە کورتە شێعرەکانیدا دەڵێت:

ئاواتێک

ئاخۆ دەبێ

ئەو ڕۆژە بێ

کاوەی کوڕم

جانتای سەفەر کاتە شانی

دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە

هاوار بکەن

سلێمانی سلێمانی

لەم شێعرەدا دەتوانین ببینین کە نیشتمان لە چوارچێوە سەپێندراوەکاندا ناگونجێت و کوردستانێکی گەورە و سەربەخۆ پیشان دەدات؛ کوردستانێکی سەربەست، ڕزگارکراو و بێ سنوورە سەپێندراوەکان.

مامۆستا جەلال مەلەکشا هەمیشە بە ئاواتی کوردستانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی بووە و ئەم ئاواتانە بە ڕوونی لە شێعرەکانیدا بەرچاوە. ئەو لە داگیرکەر بێزارە و هیچ ڕەواییەک بە بوونی ئەوان لەم خاکەدا نادات. شاعیر ئامادەیە لەنێو ڕەشماڵێکی هەژارانەدا لە وڵاتی کوردان و لەژێر دەسەڵاتی کورداندا بژیت، بەڵام ژیان لە کۆشکی نێو خاکی داگیرکراوی خۆی ناوێت. نموونەی هەر بەرچاوی لەم شێعرەدا دیارە:

لەم جیهانە

پەلەوەریش

نیشتمانی بۆ خۆی هەیە

دارستانێ، تاقە دارێ

ئاوارەش بێ

نێو ئەشکەوتێ، بن پاسارێ!

چۆن شێت نەبم،

نەچم بە گژ کوێستانێکا و

چوار ڕێیانی گەردوون نەگرم

هێشتا بستێ خاک شک نابەم

تیا بژیم،

تیا بمرم...!

چۆن شێت نەبم

هەموو ڕێگام لێ بەسراوە

بە هەر جادە و شەقامێکا ڕادەبوورم

تەپۆڵکەیەک

کڵاوێکی سەربازانەی لە سەر ناوە

دڵ و گیرفان دەپشکنێ

بەڵگەی خوایشم لە گەڵدا بێ

ڕێگام دەگرێ

نەکا نەخشەی وڵاتێکم لە گیرفان و ڕەمزی نهێنیی ناوێکم لە دڵدا بێ!

چۆن شێت نەبم

تووڕەم، تووڕە...

وەک ئاگرم

شەمشێرێکی هەڵکێشراوم

لە ناو بریسکەی خوێنی خۆما ئەزریکێنم

هەتا کالان نەدۆزمەوە

ئۆقرە ناگرم!

خوا ئەزانێ

من حەز ناکەم وەک ئەشقیا

سەرگەردان بم لەم کوێستانە

ڕێگام بدەن بێمە خوارێ

هیچم ناوێ لەم جیهانە

جگە نەختێ سەربەستی و

بستێ خاک و

ئاڵایەک و

ڕەشماڵێکی قەرەجانە!

لە شێعرێکی تردا بێتاقەتی و چاوەڕوانیی مامۆستا جەلال مەلەکشا دەبینین. شێعرەکە کورتە، بەڵام پڕ بە پێستی وشە هاواری ئازادی دەکات و فرمێسک بۆ نیشتمانە داگیرکراوەکەی دەڕێژێت:

کە بەهار دێت

لێم مەپرسە بۆ ناشادی

دەیان ساڵە

چاوەڕوانم

کە نیشتمانم هەڵمژێ

شنەی شەماڵی ئازادی

وێڕای ئەوەی مامۆستا جەلال هەست بە دیلی و بێزاری دەکات و هەست بە ناشادی دەکات، بەڵام هەر سەربەرزە و هەوراز و نشێو و ڕێگای سەختی ڕزگاری ماندووی ناکات و سەری بۆ داگیرکەر دانانوێنێت و پێشمەرگەئاسا سینگی کردووە بە قەڵغان:

من دارێکی باڵابەرزم

گەرچی تووشی

مەرگەساتی وەرزی ڕەشم

بەڵام هەرگیز

سەرم بۆ چیی دارکونکەرەی دنیا هەیه

دانانوێنم

هەروەها لە شێعری "دارەپیرە"دا بە ڕووداوێک ئاماژە دەکات کە بەداخەوە لەنێو کورددا وەک دیاردەیەکی تاڵ بووە و هەیە و دیارە چەندە شاعیری تەزاندووە.

وەک لە کۆمەڵە شێعری "زڕەی زنجیری وشە دیلەکانـ"ـدا دەبینرێت، لەو دیلبوونەدا، زمانی کوردی و وشەی کوردی و وشەی کوردستان و ئازادی سەما دەکەن و مەلەکشا مووچڕکە بە گیانی خوێنەردا دێنێت، ئەو وشانەی کە دیل کراون و بە دیلیش زڕەیان دێت، وشەگەلێک کە قەت نایانەوێت تەسلیم ببن و بە مردنیان، سەرلەنوێ لەدایک دەبنەوە.

ئەوەیش کە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە لە کۆمەڵگای داخراودا ھەستی ناوچەگەرێتی و خزمایەتی زۆر بەھێزترە لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی! و ئێمە لە شێعرەکانی مامۆستادا دەبینین کە شاعیر هەوڵ دەدات ئەم ھەستە بگۆڕێت بۆ دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و مرۆڤایەتی و بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی دەمارگیریی ئایینی و چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی کار دەکات.

کێ مافی داوە بەم جەردانە

ئاسمان و زەوین و دەریاکان دابەش کەن؟

کێ بەر درەوشانەوەی هەتاوی گرتووە

کێ ئیزنی پێداون

تیشک لە باڵندە دابڕ کەن؟

سیمای ڕۆژ بە چڵکی هەناسەی خۆ ڕەش کەن؟

من سنوور ناناسم!

پێم خۆشە هەڵبفڕم

لە گوانی کامە هەور زۆر تەڕە

پاراو کەم ئەم ڕۆحە شەقارەم.

پێم خۆشە

یاسای دەستکردی چی خواوەندی زەوینە

پێشێل کەم

بڕۆم و لەنێوان دوو هێمتی دنیادا ڕاوەستم

بست بە بست سەرتاپای نیشتمان

بکەم بە هێلانەی ئەم جەستە ئاوارەم.

بەگشتی، هەموو هەوڵ و تێکۆشانی مەلەکشا، بەتەنیا وەک نووسەر و شاعیرێک نەبووە، بەڵکوو وەک پێشمەرگەیەک بۆ نیشتمانی خۆی کە کوردستانە، هەوڵی داوە.

بەداخەوە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩، مامۆستا جەلال مەلەکشا شاعیری نەتەوەیی کوردستان، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد. یادی هەمیشە زیندووە و نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتدا دەژین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.