کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی سیستمی تەندروستی لە ئێران و بێبەشبوونی خەڵک لە سادەترین ماف

10:45 - 7 جۆزەردان 2726

قەیرانی ئابووری و داڕمانی سیستمی تەندروستی لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیدا، گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت میدیاکانی سەر بە سپای پاسدارانیش ناتوانن چاوپۆشی لێ بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''فارس''، تێچووی هاوسارپچڕاوی پزیشکی ددان و نەبوونی پاڵپشتیی بیمە دەوڵەتییەکان، بەشێکی زۆری خەڵکی لە ئێران ناچار کردووە لەبەر بێدەسەڵاتی و هەژاری، ئازار و ددان‌ئێشە تەحەمول بکەن و چارەسەرکردنەکەی وەدوا بخەن.

ئامارەکان نیشان دەدەن کە تێچووی دەرماربڕینی یەک ددان گەیشتووەتە نزیکەی ١٠ میلیۆن تمەن و تێچووی ئیمپلەنت تا ٥٠ ملیۆن تمەن بەرز بووەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە چارەسەری گشتیی هەر ددانێک بە تێکڕا پێویستی بە ١٥ تا ٤٠ میلیۆن تمەن هەیە، کە چەند هێندەی مووچەی مانگانەی کرێکارێکە.

ئەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی گەندەڵی دەسەڵاتێکە کە داهاتی وڵات بۆ پڕۆژەی سەربازی و ئئیدئۆلۆژی خەرج دەکات، بەڵام خەڵکەکەی لە سەرەتاییترین مافی تەندروستی بێبەش دەکات.