ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی "سوهەیلا سەعادەت" کچی کاک "عەبدوڵڵا" ناسراو بە "عەبدوڵڵای نەجاڕ"، دایکی شەهید "خالید زەکی" و خەڵکی سەقز، دوای تەمەنێکی پڕ لە شانازی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا و بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی "سوهەیلا سەعادەت" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە بە ڕێگا و ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەی سەربەرز بووە.
شەهید "خالید زەکی" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە سەقز لەدایک بووە. ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
شەهید "خالید" لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل، وەکوو کادری دەرەجە ٣ و ئەندامی کۆمیتە شارستان ئەرکە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
دەرەنجام ناوبراو لە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "سونجاغ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە. گڵکۆی شەهید "خالید" لە "سونجاغـ"ـە.
حاجی "سوهەیلا" هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری حاجی "سوهەیلا سەعادەت" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.