شەوی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، حاجی "شەریف سۆفی" باوکی شەهید "ڕەحیم سۆفی" و خەڵکی بۆکان، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
حاجی "شەریف" کەسایەتییەکی حیزبدۆست، نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی بۆکان بووە و هەردەم شانازیی بە ڕێبازی ڕۆڵەکەیەوە دەکرد.
شەهید "ڕەحیم سۆفی" ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە بۆکان لەدایک بووە. دوای هێرشی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەرییەوە پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دڵسۆزانە لە حیزبی دێموکراتدا خەباتی بۆ گەل و نیشتمانەکەی کردووە.
دەرەنجام شەهید "ڕەحیم" وێڕای شەش کەس لە هاوسەنگەرانی، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە گوندی "عەوڵاباو"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
حاجی "شەریف" هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ئاواتی وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان و هەڵاتنی خۆڕی ڕزگاریی نیشتمان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری حاجی "شەریف" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.