کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حسەین ڕاغفەر: بەهۆی بوونی ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکان و ئاخوند و بەرنوێژەکان ناتوانین "شەفافسازی" لە ئابووریدا بکەین

23:44 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەوتەی حسەین ڕاغفەر ئابووریناس، لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای ئێران کەلێنی قووڵی چینایەتی تێکەوتووە و لە ئەنجامی دەستێوەردانی بەردەوامی ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکان و هەروەها ئاخوند و بەرنوێژەکان لە پێکهاتەی ئابووریی وڵات، دەرەتانی "شەفافسازی" بوونی نییە.

حسەین راغفەر لە لێدوانێکیدا بەبۆنەی هاتنی ساڵیادی شۆرشی ساڵی ٥٧ وتوویەتی: "ئەوەیکە ڕوونە دەوڵەت لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە، بواری بۆ دیاردەی ڕانتخاری خۆش کردووە و ئەمڕۆکە دەبینین کە لە ئەنجامی ئەم پرسە ڕێژەیەکی کەم لە دەسەڵاتبەدەستان کە سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و ئیجراییەکانی حکوومەتن، بوونەتە میلیاردێر و لەبەرامبەریشدا زۆرینەی کۆمەڵگە بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن؛ کەلێنێکی چینایەتی لە ئێراندا درووست بووە کە ئەگەری چاکسازی تێیدا گەلێک زەحمەتە".

هاوکات ناوبراو وتوویەتی: "تا ئەو کاتەی کە ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەکان و هەروەها نووسینگەی بەرنوێژ و ئاخوندەکان ڕۆڵی سەرەکی لە سیستمی ئابووریی وڵاتدا دەگێڕن، ئیمکانی "شەفافسازی" سفرە؛ زۆر کەس بە درووستی باس لەوە دەکەن کە پشکی سەرەکی لە ئابووریی ئێران کەوتووەتە دەست ئەو دەزگایانەی کە لە دەوڵەتدا نین و بەبێ ئاگاداری ئەوان ناکرێ دەس بۆ هیچ بەشێکی ئابووریی ببردرێت کە ڕوونە ئەو کەس و لایەنانەش لە دانی ماڵیات خۆیان دەبوێرن کە بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئاستانی قودسی ڕەزەوی بکەین، بەم پێیەش نابێ چاوەڕوانی چاکسازی و "شەفافسازی" لە ئابووریدا بین.