کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوزووری هێزەکانی ئامریکا، پاشەکشەی ڕێژیمی ئێرانی لێ کەوتەوە

12:42 - 17 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: حوزووری هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بووە هۆی پاشەکشەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا - سێنتکام - ڕایگەیاند: "پاش گۆڕینی ئارایشی نیزامیی هێزەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا، ڕێژیمی ئێران هەنگاوێکی بۆ دواوەوە هەڵگرتووە و ئاوڕێکی بە خۆی دایەوە".

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی جۆزەردان، ژێنێراڵ "مەک کێنزی"، وتوویەتی: "هێشتا زووە بگەینە ئەو ئاکامەی کە ئێران لە بەرنامەی هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ئامریکا، دەستی هەڵگرتووە".

"مەک کێنزی"، فەرماندەی سێنتکام، لەم بارەوە ڕایگەیاند: "سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لەسەر هەڵوێستی ئێرانین و ئەگەر پێویست بێت، داوای هێزی زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگرییی هێزەکانی ئامریکا دەکەین".

ناوبراو زیادی کرد: "مانگی پێش و لە کاتێکدا کە داخوازیی هێزی زۆرترمان هێنایە بەرباس، ڕێژیمی ئێران و هێزە تێرۆریستییە نیابەتییەکانی لە قۆناغێکی پێشڕەوی لە هەڕەشەکردن بۆ سەر هێزەکانی ئامریکادا بوون".

لە مانگی ڕابردوودا، گرژیی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا بەرز بووەتەوە و هەروەها بەرپرسانی باڵای ئامریکا، باسیان لە زیادبوونی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و سپای تێرۆریستی پاسداران کردووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا و بەپێی داخوازیی "سێنتکام"، لە ماوەی ڕابردوودا، ناوی فڕۆکەهەڵگر و فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ ناوچەکە نێردراوە.