کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر ناوچەی پیشەیی "جازان" لە عەرەبستانی سعوودی

10:37 - 4 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوپەیمانیی عەرەبی بڵاوی کردەوە کە گرووپی حوسییەکان بە مووشەکی باڵستیک هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی پیشەیی "جازان" لە ڕۆژاوای عەرەبستان.

هەروەها ئەو هاوپەیمانییە وتوویەتی کە سامانەی ئاسمانیی "سعوودی" ٢ دڕۆنی حوسییەکانی لە پارێزگای "ئەلجوفـ"ـی یەمەن خستووەتە خوارەوە و دڕۆنەکانی دیکەشیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.

لەو بڵاوکراوەیەدا هاتووە، ئەوە سێهەمین هێرش بۆ سەر ناوچەی پیشەیی "جازان" بووە.

بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە هەندێک کارگە لەو شوێنە زیانیان بەرکەوتووە و ٢ کەسی خەڵکی "بەنگلادش و سوودانـ"ـیش بریندار بوون.

هاوپەیمانیی عەرەبی کە پشتیوانی لە دەوڵەتی یاسایی "یەمەن" دەکات ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ڕێژیمی ئێران بەئەنقەست هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچەی پیشەیی و شوێنی کاروکاسبیی خەڵکی مەدەنی.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سیستمی بەرگریی مووشەکیی "سعوودی" مووشەکێکی حوسییەکانی لە فڕۆکەخانەی "سەعدە" بۆ لای ناوەندی بازرگانیی شاری "خەمیس مەشیت" خستبووە خوارەوە.

بەپێی هەواڵدەریی فەرمیی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی "وام" وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە وتوویەتی: "هێزەکانی ئیمارات هەوڵی پێویست بۆ بەرگری لە دەوڵتی ئیمارات لە بەرانبەر هێرشی تێرۆریستان ئەنجام دەدات و خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک ئامادە کردووە".