کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حوسێن دێهقان" هەڕەشەی کردووە لە ڕەشەمەوە تۆڵە لە ئامریکا دەکەینەوە

18:13 - 23 رێبەندان 2720

وەزیری بەرگریی پێشووی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی کە سیاسەتەکانی بایدن هەمان سیاسەتەکانی "ترامپـ"ـن و گەمارۆکان هەروا درێژەیان هەیە.

"حوسێن دێهقان"، وەزیری بەرگریی پێشووی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "گاردیەن" وتوویەتی کە "جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا، هەمان ڕێگای "دانڵد ترامپ" سەرکۆماری پێشووی ئامریکای گرتوويەتە بەر و گەمارۆکان هەروا بەردەوامە و ئەو سیاسەتە واتا "ترامپـ"ـیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە.

بە جەختکردنەوەی ناوبراو، ڕێژیمی ئێران لە مانگی ڕەشەمەوە ڕێگای دیپلۆماسیی خۆی دەگۆڕێت و هەوڵی تۆڵەکارانە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی دیپلۆماتیکی ئامریکا دەگرێتە بەر.

دێهقان وتوویەتی: "دەمانهەوێ دڵنیایی وەرگرین کە ئامریکاییەکان جارێکی دیکە ڕێککەوتننامەکە پێشێل ناکەن، ئەوان لە بارودۆخێکدا نین کە بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی دانووستاندن مەرج دابنێن".

دێهقان هەروەها لەو وتوووێژەدا دەستی کردووە بە بەخۆداهەڵگوتن و وتوویەتی: ''من تەنیا کەسێکی نیزامیکار نیم و کەسێکی زانکۆڕۆیشتووم".

ناوبراو کە یەکێک لەو کەسانەیە کە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماریی ڕێژیم داناوە، ئەو شێوازە لێدواندانەی بۆ ڕاکێشانی دەنگ و متمانە بۆ ڕۆیشتنە سەر کورسیی دەسەڵات بەکار بردووە و ئەمە نیشان دەدات کە سیستمی دەسەڵاتداریەتی ڕێژیمی ئێران هەر ڕۆژە زیاتر دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسدارانەوە.