کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی "ئەبها"ی عەرەبستان

11:12 - 23 رێبەندان 2720

میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە درێژەی کردەوە تێکدەرانەکانیاندا هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی "ئەبها"ی عەرەبستان و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا فڕۆکەیەک ئاگری لێ کەوتەوە.

تێلڤیزیۆنی دەوڵەتیی "ئەلئەخباریە"ی عەرەبستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان، ڕایگەیاندووە کە هێرشی گرووپی چەکداری "ئەنسارۆڵڵا"ی یەمەن، حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بۆ سەر فڕۆکەخانەی "ئەبها" بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە فڕۆکەیەک لەسەر باندی فڕۆکەخانە کە هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

هاوکات هاوپەیمانیی سەعوودی ڕایگەیاندبوو کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمبی ئەو گرووپە چەکدارەی پێکاوە.

ئەوە یەکەمین هێرشە تا ئێستا کە بووەتە هۆی زیان پێگەیشتن بە فڕۆکەیەک و بەدوای ئەو هێرشەدا، فڕینەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە یان دواکەوتوون یان ڕاوەستاون.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو هێرشە بەرپرسانی عەرەبستان هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

"تورکی ئەلمالکی" سەرۆکی هاوپەیمانیی سەعوودی ڕایگەیاندووە کە ئەو هێرشانە بە ئاگاهییەوە و بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل بووە.

ئەو هێرشانەی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر فڕۆکەخانەی "ئەبها"ی عەرەبستان لەکاتێکدایە کە خەریکە لەسەر کۆتایی پێهاتنی شەڕ لە یەمەن وتووێژ دەکرێت.