کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵای لوبنان لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیی ئەو وڵاتەدا شکستی هێنا

18:20 - 29 بانەمەڕ 2722

بەدوای ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی لوبنان، "حیزبوڵڵا و گرووپەکانی ژێر پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران و بەشار ئەسەد" زۆرینەی کورسییەکانی پارلمانیان لەدەست دا کە دەنگدانەوەیەکی جیهانیی لێ کەوەتەوە.

حیزبوڵڵا و هاوپەیمانانی کە پێشتر ٧١ کورسیی پارلمانیان بەدەستەوە بوو لە ئێستادا بە لەدەستدانی نزیک بە ١٠ کورسی ڕێژەی کورسییەکانی گەیشتووەتە ٦١ کورسی.

بەداوی ئاکامی هەڵبژاردنەکان، "حەسەن نەسروڵڵا" سەرۆکی گشتیی حیزبوڵڵا، شکستی ڕێکخراوەکەی لەو هەڵبژاردنانەدا ڕەت کردەوە و وتی: "هیچ گرووپێک نەیتوانیوە دەنگەکانی زۆرینەی پارلمان بەدەست بێنێت".

پێشتریش گرووپەکانی ژێر پشتیوانیی ڕێژیمی ئیران لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی پارلمانی "عێراقـ"ـدا بەشێکی زۆر لە کورسییەکانی خۆیان لەدەست دابوو و بەو هۆیە هەتا ئێستا کابینەی نوێ لەو وڵاتەدا پێک نەهاتووە.