کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی ''بلوچستان ءِ راجی تپاکی" پشتیوانی لە خەباتی ئەلئەحواز دەکات

18:44 - 12 جۆزەردان 2720

حیزبی ''بلوچستان ءِ راجی تپاکی" لە بەیانییەکدا پشتیوانی لە خەباتی نەتەوەی ''عەرەب ئەلئەحواز'' دەکات و سەرکوت و سیاسەتە داگیرکارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکەن.

لە بەیانییەدا هاتووە؛ ''نزیک بە سەدەیەک دەبێت لەلایەن "ڕەزاخان"ـەوە وڵاتی عەرەبستانی ئێران(ئەلئەحواز) داگیر کراوە و بە فێل و فریودان حکوومەتی ''شێخ خەزعەل''ـیان کۆتایی پێهێنا و ئەو وڵاتەیان داگیر کرد.

لەو پەیامەدا باس لە هەڵاواردن و تاڵانکردنی ئەو ناوچەیە کراوە کە ئەلئەحواز خاوەن زەوی و زارێکی زۆر و چەندین چۆمی گەورەیە و ٤٠ لە سەدی ئاوی ناوچەکە دابین دەکات؛ کەچی ئێستا بە دەست بێ‌ئاوییەوە دەناڵێنێت.

لەو بەیانییەدا هاتووە، ڕاپەڕینی خەڵکی ئەلئەحواز بە بێ‌ئاوی و خەباتە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و دروشمی وەک ''ئەلئەحواز وڵاتی ئێمەیە و ناهێڵین کەسێک لێمان داگیر کات'' و ''ئەلئەحواز گیان و ماڵمان فیدای تۆ'' نیشانەی ئاگایی و وشیاریی نەتەوەیی چەندین ملیۆن مرۆڤی هاوشێوەی نەتەوەی بن دەستی بەلووچە کە لە سەرەتایی‌ترین مافی خۆیان بێبەرین.

 لەو بەیانییەدا باس لە کوشت و بڕی خەڵکی بێتاوانی عەرەب، ئاگرتێبەردانی قاوەخانەی "نەوارەس "کە ٢٤ کەسی بێ گوناهی تێدا سوتێندران چەند جەنایەتێکی ناخ‌هەژێنە کە وەبیرهێنەرەوەی سینەما "ڕێکس"ـی ئابادانە  کە هەتا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش لە کارنامەی ئەو ڕێژیمەدا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ئەو بەیانییەدا هاتوووە، حیزبی ''بلوچستان ءِ راجی تپاکی" پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئەلئەحواز دەکات و جەختی کردووەتەوە کە دیاریکردنی مافی چارەنووس، مافی نەتەوەی عەرەب لە خاکی خۆیاندایە.