کوردستان میدیا: شاندێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆڕیادی ساڵڤەگەری کۆچی دوایی مامۆستا عەلی عەبدوڵادا بەشدارییان کرد و برووسکەی هاوخەمی خۆیان گەیاندە سەرکردایەتی پارتی دێموکرات.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاشنیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز کاک حەسەن شەرەفی جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی حیزب، بەشدارییان لە رێوڕەسمی ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستا عەلی عەبدوڵا سکرتێری پێشووی پارتی دێموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر کرد و بەو بۆنەوە برووسکەی پەژارە و هاوخەمی حیزبی دێموکراتیان بە سەرکردایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان گەیاند .
لەو کۆڕەدا کە وێڕای سەرکردایەتی پارتی، بە بەشداری جەماوەرێکی بەرچاو لە حیزبە کوردستانییەکان، پارلمانتار و وەزیرەکان بەڕێوە چوو، لە چەندین بڕگەدا ڕۆڵ و خەباتی دەیان ساڵەی خوالێخۆشبوو عەلی عەبدوڵایان لە نێو پارتی دێموکرات و خزمەت بە دۆزی نەتەوەکەیدا بەرز نرخێندرا.
شایانی باسە شاندی حیزب لەو مەراسمەدا چاویان بە کۆمەڵێک کەسایەتی و سەرکردەی حیزبە کوردستانییەکان کەوت؛ لە کۆتایی مەراسمەکەشدا لە لایەن سەرکردایەتی پارتی دێموکراتەوە بەوپەڕی ڕێزەوە بەڕێ کرانەوە.