کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات تاوانەکانی ڕێژیمی تارانی مەحکووم کرد

12:04 - 29 جۆزەردان 2720

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد لە بەرانبەر پێشێلکاریی سپای تێرۆریستی پاسداران بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بگرن.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنیە:

بەیانییەی مەحکوومکردن

بەیانیی ڕۆژی ١٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠ی زایینی تۆپخانەکانی هێزە دژی گەلییەکانی سپای پاسدارانی ئێران بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاخی قەندیل و سنووری ناوچەکانی حاجی عومەران، چۆمان و سیدەکانیان داوەتە بەر ئاوری تۆپخانەی قورس و کاتیۆشا باران. بەهۆی ئەم تۆپبارانە زیانێکی زۆر بە هاونیشتمانیانی ئەم ناوچەیە گەیشتووە و ماڵەکانیان وێران و خەڵکەکەی ئاوارە بوون.

 ئەم تاوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم جار نیە و بەردەوام بێ هیچ بیانوویەک خەریکی شێواندنی باری ئاسایشی ناوچە و ئاوارەکردنی هاوڵاتییان و زیان گەیاندنی مادی و ڕووحییە بە خەڵکی ئەو ناوچانە.

ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم تاوانەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داوا لە ڕای گشتی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکەین کە ئەم کردەوە دژی ئینسانییەی ڕێژیم مەحکووم بکەن.

هەروەها داوا لە حکوومەتی عێراقی فێدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەین لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران کە بە بێ هۆ هاوڵاتییان و سەروەت و سامانیانی کردووەتە ئامانجی تۆپخانەکانی هەڵویست بگرن و مەحکوومی بکەن و بێ دەنگ نەبن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی

١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠ی زایینی