کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات لە سەر درێژەپێدان بە ڕاسان جەختی کردەوە

14:51 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات و ڕاگەیەندراوێک لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بۆ ئاگاداری هەموو لایەک ڕادەگەیەنین کە کاتژمێر ٩ی بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دەستەی کارگێڕیی حیزب پێکهات.

کۆبونەوەکە بە چەند ساتێک بێدەنگی و بەپێوە وەستان بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی مووشەکبارانی بنکە و بارگاکانی حیزبی دێموکرات و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر لێپرسراوی گشتیی حیزب "مستەفا هیجری'' وێڕای بەخێرهاتنی بەشدارانی کۆبوونەوەکە باسێکی سیاسی لە سەر دۆخی ئیران و کوردستان و کار و چاڵاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەو قەیرانە جۆراجۆرانەی کە لەگەڵی بەرەوڕوو‌ بووەتەوە پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد.

ئەو باس و بابەتانە بە وردی و بە واقیعبینییەوە کەوتنە بەر ڕاوبۆچوونێ بەشدارانی کۆبوونەوەکە و بە سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لایەنی جۆراجۆری مەسەلەکانیان تاوتوێ کرد.

لە ئاکامدا کۆمەڵێک هەڵویست و بڕیار و ڕاسپاردەی لێکەوتەوە کە ڕێبەریی حیزبی ئەرکدار کرد بۆ ڕاپەڕاندن و بەئەنجام گەیاندنیان. لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەکە جەختی لە سەر درێژە و پەرەپێدانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە بوار و ڕەهەندە جۆراجۆرکانی داگرتەوە و لەوبارەوە سپاس و پێزانینی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی ئاراستەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە و خەڵکی کوردستان کرد کە لەو پرۆسە گرینگەدا ئەرکی سیاسی و نیشتمانیی خۆیان بەئەنجام گەیاندووە.

کۆبوونەوەی هاوبەشی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزب ئاوڕی لە ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حیزب بەپێی قەوارەی نوێ حیزب دایەوە و ڕێوشوێنی پێویستی بۆ بەکردەوەکردنی بۆ بەرپرسان و ئۆرگانە پێوەندیدارەکان دیاری کرد.

کۆبوونەوەکە بەگرینگییەکی تەواوەوە وردەکارییەکانی مووشەکبارانی بنکە و بارگاکانی حیزبی دێموکراتی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاوتوێ کرد و ئەو جۆرە کردەوانەی ڕێژیمی بە نیشانەی ترسی تەواوی ڕێژیم لە بزووتنەوەی کوردستان و شوێندانەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕەوتی ئەو بزووتنەوەیەدا زانی و لەو بڕوایە دابوو کە سەرەڕای شەهیدبوونی پۆڵێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات کە جێگای داخ و کەسەری هەموو لایەک بوو ئێرادەی تێکۆشەرانی حیزبی بۆ خەبات دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەهێزتر و بە گوڕوتینتر کرد. لە هەمانکاتدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی هاوسەنگەران و بنەماڵەکان و هەڤاڵان بە گشتی جەماوەری خەڵکی کوردستان کرد و دڵنیاییدا کە خوێن و خەباتی ئەو شەهیدانە لە پێناو ئازادی نیشتماندا بە فیڕۆ ناچێ.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مووشەکبارانەدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ژمارەیەک هێز و لایەنی دیکە بوو بە هۆی کۆدەنگییەکی گشتی لە بانگەوازیکدا بۆ خەڵکی کوردستان بە مەبەستی مەحکوومکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مووشەکباران کردنی بنکە و بارگاکانی حیزب و ئێعدامی کۆمەڵیک لە ڕۆڵەکانی کورد هەڵویست بگرن و لە حەرەکەتێکی تێکڕایی و هەڵمەتێکی نەتەوەییدا جارێکی دیکە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێ بێنن. بەخۆشیەوە خەڵکی خەباتگێڕ و خۆڕاگری کوردستان وێڕای هەموو هەڕەشە و فشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیران و هێزە سەرکوتکەرەکانی بە شێوەیەکی بەرین بە پێشوازی ئەم بانگەوازە هاتن و لە مانگرتنێکی بەریندا بە ڕێژیمیان نیشاندا کە وەک هەمیشە پشتیوانی بزووتنەوە ڕەواکەیانن و لەسەر دابینبوونی ماف و ئازادیەکانیان سوور و پێداگرن و وەفاداریی خۆیان بۆ شەهیدان دووپات کردەوە.

 هەر بۆیە کۆبوونەوەکە بەوپەڕی ئەمەگناسی و پێزانینەوە ڕوانیە ئەو هەڵویستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەیەی خەڵکی خەباتگێڕ وخۆڕاگری کوردستان و سپاسی بێپایانی پێشکەش بەو خەڵکە وەفادار و ئەمەگناس و تێکۆشەرە کرد.

 لەو پێوەندییەدا کۆبوونەوەکە بە گرینگییەکی تەواوە سەیری ئەو یەکگرتووییەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کرد و نیشانیدا کە یەکگرتوویی ئەو حیزب و لایەنانە و ئەو بەدەنگ هاتنەوەی خەڵکی کوردستان دەتوانێ وزەی نوی  و گرینگ بە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ببەخشێ و لەهەمانکاتدا ئەو پەیامەش بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدا کە لە کوردستاندا خاوەنی هیچ پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و ناتوانی بە زەبری زۆر و گرتن و ئێعدام ئەو خەڵکە خۆڕاگرە چاوترسێن بکا و لە داوا رەواکانیان بگێڕیتەوە.

گرنیگیی ئەو یەکگرتوویی و شوێندانەرەییەکانی، کۆبوونەوەی هێنا سەر ئەو باوەڕە کە لە داهاتوودا هەرچی زیاتر بۆ پەرەپیدانی ئەو هاوکاری و هاوخەباتییانە هەنگاو بنێت و زیاتر لە ڕابردووش پەرەی پێ بدا.

کۆبوونەوەکە بە سەرنجدان بە هەڵویست و ڕادەربرین و مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکە و بارگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن دەوڵەتان، پارلەمانتاران، حیزب و لایەنە سیاسیەکان، NGOکان، حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆڕ و کۆمەڵە نێوەدەوڵەتیەکان و کەسایەتی کورد، ئێرانی و بیانییەکان، سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو لایەک دەربڕی کە بە ئەرکی ئینسانی و ئازادیخوازیی خۆیان هەستان.

کۆبوونەوەکە سپاس و پێزانینی تایبەتی خۆی ئاراستەی خەڵکی بەشەرەف و دڵسۆزی شاری کۆیە و بەرپرسانی حیزبی و حکوومەتی ئەو شارە خۆشەویستە کرد کە لە ڕەوتی ئەو ڕووداوەدا ئەوپەڕی هاوکاریان لە خۆیان نیشاندا و بە هانای بنەماڵەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە هاتن.

به لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو هەڵویست و دڵسۆزی نیشاندانە بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات و بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت ئەو پشتیوانی و هەڵویست گرتنەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، کۆبوونەوەکە دڵنیا بوو کە ئەو مووشەکبارانە جگە لە ڕیسوایی و شەرمەزاری هیچی دیکە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەدواوە نەبوو، بەتایبەت کە ئەم جۆرە حەرەکەتانەی ڕێژیم نەک لە ڕەوتی خەبات هەنگاو بە ڕۆڵەکانی کورد و تێکۆشەرانی دێموکرات شل ناکا، بەڵکوو لەبەردەوامی خەبات لە هەموو شکڵ و شێوەکانی دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا شێلگیرتر پێداگرتر و بە ئیرادەتر دەکا.

نووسینگەی دەستەی گارگێڕی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

١٤ی سپتامبری ٢٠١٨ی زایینی