کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پێشوازی لە بڕیاری ئامریکا کرد

17:10 - 20 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشوازی لە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە لایەن ئامریکاوە کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە تویتێری فەرمیی خۆیدا، لە خستنەنێوی سپای پاسدارانی ڕێژیم، لە لیستی "رێکخراوە تێرۆریستییەکانـ"ـدا پێشوازی کرد و ڕایگەیاندووە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی کوردستان، پێشوازی لە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە لایەن ئامریکاوە دەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەو بارەوە دووپاتی کردووەتەوە: سپای پاسدارانی ڕێژیم هێزی سەرەکییە بۆ سەرکوت و داپڵۆسین و توندوتیژی لە نێوخۆ و دەستێوەردانی تێکدەرانە لە دەرەوەی ئەو ڕێژیمە.

بەپێی ئەو بڕیارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دووپرسیار دێتە ئاراوە:

هەڵویستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بەو بڕیارەی ئامریکا بە نیسبەت بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم چییە؟

کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر کاری پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی خەباتی کورد چ دەبێت؟

لە وڵامی ئەم پرسیارانەدا، "لوقمان ئەحمەدی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵامی پرسیاری یەکەمدا باسی لەوە کردووە: "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، پشتیوانی ئەو هەڵویستەی ئامریکا دەکات. هەڵویستێکە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمێژە هەوڵی بۆ دەدات، کە نەتەنیا ئامریکا بەڵکوو باقی وڵاتە دێموکراتیکەکانی دنیا سپای پاسداران و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران وەکوو خۆی بناسێندرێت. سپای پاسداران دامودەزگایەکی کۆماری ئیسلامییە کە نەتەنیا لە نێوخۆ بۆ داپڵۆسین و زەبروزەنگ بەرانبەر بە خەڵک بۆ پاراستنی ڕێژیم کار دەکات، بەڵکوو دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگەی سپاوە کراوە و ئەو هەموو شەڕ و ئاژاوە و تێرۆریزمە کە لە ناوچەکەدا دەبینرێت، بەشێکی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ سپای پاسداران، هەر بۆیە حیزبی دێموکرات پشتیوانی لێ دەکات و هیوادارە وڵاتانی دیکەش ئەو هەڵویستە بگرنە بەر.

ئەحمەدی وڵامی پرسیاری دووهەمدا کە کاریگەریی ئەو بڕیارە لەسەر کاری پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی خەباتی کورد چ دەبێت باسی لەوە کرد: "دیارە ئەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە خەباتی خەڵکی کورد و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر یەکدا دابنین و ئەمە فەرق و جیاوازی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و کردەوەکانی ڕێژیم بەرانبەری، زیاتر دەردەخات، دەرفەتی دیکەشمان بۆ دێتە پێشێ کە دەرگای دیکەمان بۆ بکرێتەوە و ئەگەری هەیە لە ڕێگەی ئەو خەباتەی ئێمە بەڕێوەی دەبەین، بە شێوەیەک لە شێوەکان وڵاتگەلێکی زیاتریش پشتیوانیمان بکەن و هیواشمان ئەوەیە، مەنتقیترین شتیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە بیانەوێت رووبەڕووی کردەوە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران ڕاوەستن، پشتیوانیکردنە لەو هێزانەی کە دژبەرین و لە بەرانبەریدا ڕادەوەستن".

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خاکەلێوە، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی خستە نێو لیستی "ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە"، کە ئەمە یەکەم جارە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا، ڕێکخراوی نیزامیی دەوڵەتێک، وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی بناسێت و ئەم بڕیارەی ترامپ لە بەرەبەرەی یەکەم ساڵی هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە "بەرجام" بووە.