کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات پێشوازی لە هەیئەتێکی ڕۆژنامەنووسی فەرانسەوی و ئامریکایی کرد

12:40 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی ڕۆژنامەنووسی فەرانسەیی و ئامریکایی سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد. 

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە، هەیئەتێکی ناسراوی ڕۆژنامەنووسی فەرانسەیی و ئامریکایی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئامریکایی ''جاناتان ڕندل'' و خاتوو ''ئدیت''(Edit) ڕۆژنامەنووسی فەرانسەویی و خێزانی نووسەری بەناوبانگ ''کریس کوچێرا'' کە هەردووکیان لە دۆستە هەرەنزیکەکانی شەهید دوکتور قاسملوو وحیزبی دێموکراتن سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن بەرێز "محەممەدنەزیف قادری'' جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. 

لەم دانیشتنەدا وێڕای بەخێرهاتنی بەڕێزان بە ناوی ''مستەفا هیجری'' لێپرسراوی گشتی حیزبەوە و ڕێبەریی حیزبی دێموکراتەوە لە لایەن بەرپرسی دەزگای پێوەندییەکان، خوشحالی خۆیان لە سەردانەکەیان دەربڕی.

هەرکام لە بەڕێزان کۆمەڵێک پرسیاریان لەسەر ڕەوشی سیاسی ئێران وشوێندانەری تەحریمەکان، دۆخی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی ئێران، ڕەوشی کوردستانی ئێران و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕوانینی حیزبی دێموکرات بە نیسبەت ڕەوشی سیاسی ئێران، پرسی کورد ئاستی هاوکاری و هاوخەباتی لایەنە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان باس کرد . 

دواتر پرسیارەکان لە لایەن ''محەممەدنەزیف قادری''، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتی وڵامی درایەوە، لە ئاکامی ئەو ڕاگۆڕینەوە وەرگرتنی وڵامی پرسیارەکانیان هەیئەتی میوان وتیان: ئێمە زۆر بەم دیدارە خوشحالین و هیوادارین ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاقارێکدا بڕوا کە ئاشتی، ئازادی و دادپەروەری بە دواوە بێت و گەلی کوردیش بە مافە سیاسییەکانی بگات.