جەماڵ ڕەسووڵ دنخه
لە مێژوو دەرس وەرگرین و بۆ داهاتوو بەهێز بین؛ هەر حیزب، لایەن و گرووپێک کە لە هەر بوارێکدا بە هەر فکر و ڕوانینێکەوە خەبات یا چالاکی دەکات؛ تێپەڕبوونی "کات و زەمان" بە سەر چوارچێوەی ئەو دامەزراوەیەدا قاڵبی تایبەتی خۆی پێ دەبەخشێت کە لە نێو کۆمەڵگاشدا بەو قاڵبە دەناسرێت. بەڵام لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەینە سەر "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، تێپەڕبوونی ٧٢ ساڵ کات و زەمان بە سەر حیزبێکی سیاسی و نەتەوەیی هەر ساڵێکی تەمەنی ئەو حیزبە هەڵگری دەیان ئەزموونی خۆش و ناخۆشە کە پێکەوە مێژوویەکی تایبەتیان دروست کردووە.
مەبەست لێرەدا باس لە مێژووی حیزب نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ پاڵپشتی بابەتەک "گێڕانەوەیەک" بە خەبات و بەڵگەکانی ئەو حیزبه دەکەین کە حیزبی دێموکرات چی دەڵێت؟ چی دەوێت؟ چی دەکات؟ دەتوانێت چ بکات؟
هەر وەک دوکتور قاسملوو دەفەرمێت: "مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مێژووی چەندین مەسئوول، کادر و ئەندامی حیزب نییە. مێژووی هەزاران شەهید و سەدان هەزار ئەندامە. لە ڕاستیدا مێژووی هەمووی خەڵکی کوردستانە. چونکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له خەڵک و خەڵکی کوردستان له حیزبی دێموکرات جیا نییه".
ئەو وتەیەی دوکتور قاسملوو چیمان پێ دەڵێت؟ ئەو وتەیە لە یەکەم مانای خۆیدا باس لەوە دەکات کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "هەڵقووڵاوی ئیرادە و ویستی خەڵکە"، هەر بۆیە خەڵکی کوردستانیش بە هەموو توێژ و چینێکەوە ئۆگریان بۆ حیزب هەیە و بە هەموو هێزیشەوە پشتیوانی لێ دەکەن. مانای دیکە ئەوە دەگەیەنێت، حیزبی دێموکرات تەنیا بۆ خۆی مێژوو دروست ناکات بەڵکوو ئەوە خەڵكی کوردستانن مێژووی حیزب بە شێوەی هاوبەش تۆمار دەکەن، واتە مێژوو و چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان تۆمار دەکەن.
دوو هێڵ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی خەباتی خۆی لە ڕێبازەکەیدا چ کاتێک لاواز بووە چ کاتێک بەهێز بووە لای نەداوە، بریتین لە: "هێڵی میللی دێموکرات بوون و سەربەخۆیی بڕیاردان، دووهەم دانەبڕان لە خەڵک و پشتیوانی خەڵکەکەی".
لە ئیستادا ئێمە دەمانهەوێ باس لەوە بکەین بۆچی حیزبی دێموکرات لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بەردەوام باسی لە پشتیوانی خەڵک لە حیزب کردووە و خۆی بە جیا دانەناوە؟ وڵامی زۆر سادە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە، حیزبی دێموکرات خەڵکییە و هێزی خۆی لە کۆمەڵانی خەڵک وەردەگرێت. هەروەها ویستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جیاواز له ویستی خەڵک نییە و لەوەش گرینگتر ویستی توێژ یا چینێکی دیاریکراو نییە کە تەنیا خەباتی خۆی لە سەر ئەو چڕ بکاتەوە.
با بێینە سەر ئەو باسە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیددعای ئەوە دەکات و کردوویەتی کە حیزبی دێموکرات "منحلە، گروهگ، فاقد اعتبار، نداشتن پایگاه و جایگاه مردمی، بی تاثیر و...."ه و به چەندین وشەگەلی دیکە حیزبی دێموکرات پێناسە دەکات. هەمووی ئەو پێناسانەی ڕێژیمی ئێران خۆی بە جیاجیا قسەیان لەسەرە بەڵام ئێمە قەزاوەت دەدینە دەست خوێنەران کە ئەم وشانەی ڕێژیم لە کوێدا جێگەی دەبێتەوە. بۆیه تەنیا باس لە دوو دەستەواژە دەکەین کە ڕێژیمی ئێران باسی لێوە دەکات "فاقد اعتبار و نداشتن پایگاە و جایگاە مردمی".
لە بواری مێژووی حیزبی دێموکراتدا زۆر دوور ناکەوینەوە تەنیا سێ ساڵ دەگەڕێینەوە دوایە، کاتێک لە چیاکانی کوردستان حیزبی دێموکرات لە پەیامێکی نەورۆزیدا ڕایگەیاند هێزی پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا ئامادە دەبێ. لە یەکەم ساتەکانی ئەو بڕیارەدا بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی توندیان گرتە بەر و هەڕەشەیان کرد. چونکە ئەم بڕیارە خەڵکی نێوخۆی کوردستانی وە جۆش و خرۆش خست و بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی ئامادەیی خۆیان بۆ هاتنەوەی پێشمەرگە و هاوکاری حیزبی دێموکرات دەربڕی.
ئەو هەڵوێستەی خەڵک بەرانبەر بەو بڕیارەی حیزبی دێموکرات مستێکی قایم و قورس بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئیددعای ڕێژیمی ئێران کە باسی لەوە دەکرد حیزبی دێموکرات "فاقد اعتبار"ـه. چونکه پێشوازیی خەڵک نیشانی دا کە ئەوەی "فاقد اعتبار"ـه و دەورانی کۆتایی هاتووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی لە کوردستانه.
ئەگەر به وتەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بێت (کە وا نییە)، ئەدی لە ئیستادا کە پێشمەرگە له کوردستاندا لە شار و گوندەکان کۆڕ و کۆبوونەوە دەگرێت و خەڵک بەوپەڕی دڵفراونییەوە پێشوازییان لێ دەکەن دەرخەری چییه؟ ئەگەر ئەوە پێگەی و جێگەی حیزبی دێموکرات نییە ئەی چییە؟
حیزبی دێموکرات چی دەڵێت؟
خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باس لەوە دەکات کە ئەو حیزبە شەڕخواز نییه، باوەڕی بە چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای ئاشتیخوازانەیە و هەمیشە لە سیاسەتی خۆیدا پێداگری لەسەر ئەو خاڵە کردووە، بەڵام لە هەمان حاڵدا چەکی بۆ دیفاع لە خۆی هەڵگرتووە، هەروەها بە کردەوە سەلماندوویەتی که ئامادەیە لە رێگەی ئاشتییەکی دادپەروەرانەوە هەوڵ بۆ چارەسەری پرسەکان بدرێ.
لە لایەکی دیکەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە لە سیاسەتی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە بە میلیتاریزەکردن و هەڕەشە هیچ شتێک ناگۆڕدرێت، بەڵام هەتا کاتێک عەقڵی سەلیم لە تاران نەیەتە سەر ئەو باوەڕە، پرسی کورد بۆ چارەسەری، پێ دەنێتە قۆناغی دیکە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.