کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ پەیامێکیان بڵاو کردەوە

12:38 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: چەندین حیزب و کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ سیهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، پشتیوانییان لە خەباتی حیزبی دێموکرات دەربڕی.

بەشێک لە حیزب، لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێرانی، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران، پەیامی پشتیوانییان لە خەباتی حیزبی دێموکرات دژی ڕێژیمی ئێران، دووپات کردەوە.

کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی "ئیتحادی فەدائییانی خەڵکی ئێران"، بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، لە پەیامێکدا وێڕای مەحکوومکردنی کردەوی جینایەتکارانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڵاویان کردووەتەوە کە تێرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن ڕێژیمی ئێران، له ترسی پەرەگرتنی خەباتی مافخوازانەی خەڵک لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەت لە سەرتاسەری کوردستاندا بوو.

ڕێکخراوی "ئیتحادی فەدائییانی خەڵکی ئێران"، لە کۆتایی پەیامەکەیاندا جەختیان کردووەتەوە کە ئێمە خۆمان بە پشتیوان و یاوەری خەباتی حیزبی دێموکرات دەزانین و نابێ پەروەندەی ئەو تێرۆرەی ڕێژیم سەرپۆش بکرێت.

هەروەها حیزبی چەپی ئێران (فەدائییانی خەڵک)، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، بڵاویان کردووەتەوە کە دوکتور قاسملوو یەکێک لە کەسایەتییە ناودارەکانی ئێران و تێرۆری ئەو ڕێبەرە، نەتەنیا خەسارێک بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بەڵکوو زیانێکی قورس بوو بۆ بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی لە ئێراندا.

لەو پەیامەدا هاتووە: "ئێستاکە ٣٠ ساڵ لە تێرۆری دوکتور قاسملوو تێپەڕ دەبێت. بەڵام خەباتی خەڵکی ئێران و کوردستان بۆ دابینکردنی مافەکانیان درێژەی هەیە. بەڵام جێگای دوکتور قاسملوو لە خەباتی کوردستان و سەرجەم خەباتکارانی ئێراندا خاڵییە".

حیزبی چەپی ئێران، وێڕای ڕێزگرتن لە دوکتور قاسملوو، لەسەر درێژەدان بە خەبات بۆ گەیشتن بە دێموکراسی لە ئێراندا جەخت دەکاتەوە و پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی کوردستان دەکات.

لەو پەیوەندییەدا، "حوسێن لاجوەردی"، کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی سیهەمین ساڵیادی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، بڵاوی کردووەتەوە کە ٣٠ ساڵە بێ قاسملووین و بە یادی قاسملووین.

لە پەیامی ئەو کەسایەتییەدا هاتووە: "تێرۆری دوکتور قاسملوو، پیلانی وڵاتانی زلهێزی ئەو کات بوو کە ڕاستەوخۆ ڕێژیمی ئێران دەستی تێدا هەبوو و قاسملوو تەنیا ڕێبەرێک لە ئاستی ئێراندا بوو کە دەیتوانی ئێران لە لەشی نگریسی کۆماری ئیسلامی بسڕێتەوە".