کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەزی خامنەیی بۆ وزەی ناوکی بێسنوورە

11:54 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کارخانەی بەرهەمهێنانی ماددەی سەرەتایی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دەستی بە کارەکانی کردووە.

ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیم وێستگەیەکی ناوکیی لە پارێزگای ئیسفەهانی دووبارە کارا کردووەتەوە، ئەمەش ئامادەکاریی ڕێژیمی تاران بۆ زیادکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ناوکییە.

ڕێژیمی ئێران ئەو کارخانەیەی کە ماوەی نۆ ساڵە داخراوە، بەپێی فەرمانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران خستووەتەوە کار، چونکە خامنەیی بڕیاری داوە ئەگەر ئورووپایییەکان لە بەرجامدا نەمێننەوە ئێوەش هەر لە ئێستاوە هەموو ئامادەکارییەکان بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم ئەنجام بدەن و ئێستاش ئەو بڕیارە جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، لەو کارخانەیەدا گازی UF6 کە یەکێک لە ماددە سەرەتایییەکانی پێویست بۆ سانتریفیوژەکانە، بەرهەم دەهێنرێت و لەو پێوەندییەدا یەک بەرمیل کێکی زەرد ڕادەستی ئەو کارخانەیە کراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو بڕیارەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، حەسەن ڕۆحانی  لە نامەیەکدا سێ وڵاتی ئاڵمان، فەڕانسه و بریتانیای ئاگادار کردووەتەوە، کە کات بۆ ڕزگارکردنی ڕێککەوتنی ناوکی کۆتایی پێ دێت.

گرژییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا دوای ئەوەی که دانڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ناوکی کشایەوە زیاتر بووه.

لە حاڵێکدا کە وڵاتانی ئورووپایی هەوڵ دەدەن ڕێککەوتنی ناوکیی بەرجام بپارێزن، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ئەو بڕیارەی داوە.

ئامریکا ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ڕێککەوتنی بەرجام کشایەوە و سزای قورسی دژی ڕێژیمی ئێران پەسەند کرد.