کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"حەسەن ڕووحانی" دزینی ئارشیڤی ناوکیی ئێرانی لەلایەن ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە

19:35 - 11 گەلاوێژ 2721

''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژ، لە دوایین لێدوانی خۆیدا لە دەوڵەتی دوازدەهەم پشتڕاستی کردەوە کە ئارشیڤی بەرنامەی ناوکیی ئێران لەلایەن "ئیسرائیلـ''ـەوە دزراوە.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئیسرائیل نهێنییەکانی لە ئێران بردووەتە دەر و ناردویانەته لای ''ترامپ'' و ئەویش لە ڕێککەوتنی ناوکی هاتە دەر''.

لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی ''بێنیامین نتانیاهوو'' سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هەواڵی دزینی ئارشیڤی ناوکیی ئێرانی بڵاو کردەوە و وتی: "لە ڕەوتی عەمەلیاتێکی نهێنی زیاتر لە نیو تۆن بەڵگە کە ٥٥ هەزار سەند لەسەر ١٨٣ سی‌دی لەخۆ دەگرێت، لە ناوەندی لێکۆلینەوەیدا ناوکیی شاراوەی ئێران لە ئەنبارێکی نزیک تاران ڕفێندراوە".

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دزینی ئەو بەڵگە نهێنیانەیان وەدرۆ دەخستەوە و سەرۆکوزیرانی "ئیسرائیلـ"ـیان بە ''شوانی درۆزن'' ناو دەبرد.

لەم داویانە ''یوسی کۆهەن'' بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاری ئیسرائیل ناسراو بە ''موساد'' لە باسی وردەکاری عەمەلیاتی دزینی ئارشیڤی ناوکیدا وتبووی کە ٢٠ مەئموور لەو عەمەلیاتەدا بەشدارییان کردووە کە هەمووی زیندوون و هەندێکیان لە ئێران چوونەتە دەرەوە.

بە وتەی ''کۆهەن'' هیچ یەک لەو ٢٠ کەسە ئیسرائیلی و جوولەکە نەبوونە.

بە وتەی ناوبراو، لە ڕەوتی ئەو عەمەلیاتەدا ٣٢ سندوق کە ئارشیڤی بەرنامەی ناوکیی ئیرانی تێدا بووه لە ماوەی ٧ کاتژمێردا کرانەوە و مەئمورانی بەشدار لەو عەمەلیاتەدا تەواو کات لەگەڵ ناوەندی فەرماندەیی ئەو عەمەلیاتە لە تل‌ئەڤیڤ لە پێوەندیی ڕاستەوخۆدا بوونه.

''ئیسحاق جەهانگیری'' جێگری یەکەمی ''حەسەن ڕووحانی'' لە دوایین دانیشتنی بەرپرسانی کابینەی دوازدەهەمدا باسی لە هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر کەشتییەکانی یەکتر کرد.

ناوبراو بە ئاماژەکردن بە هێرشی ئیسرئیل بۆ سەر ١٢ کەشتیی ئێران وتی: ''ئیسرائیل نەفەری دەناردە نێو کەشتیی ئێمە و دەی تەقاندەوە".

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە لە هێرشی چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر کەشتیی نەوتهەڵگری ئیسرائیلی، وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل و ڕۆمانی، ڕێژیمی ئێران بە بکەری ئەو هێرشە دەازنن و هەڕەشەیان لە ئێران کردووە کە وڵامی گونجاوی دەدرێتەوە.