کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕۆحانی نەیتوانی وادەکانی خۆی بباتە سەر

12:05 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرباری ئەوەیکە حەسەن ڕۆحانی پێشتر بەڵێنی دابوو ئەگەر لە مەجلیسدا ئیزنی قسەکردنی پێ بدەن هەندێک "ڕاستی" بۆ خەڵک دەخاتە ڕوو بەڵام پاش دانی ئەم دەرەتانەش نەیتوانی ئەندامانی مەجلیس و خەڵک بە قەناعەت بگەیەنێت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانان حەسەن ڕۆحانی پاش داواکاری ٨٢ ئەندامی مەجلیس لەمەڕ دۆخی ئابووریی ئێران، لە دانیشتنی ئاشکرای مەجلیسدا بەشدار بوو و سەرەڕای وادە و بەڵێنییە پێشووەکانی لەمەڕ درکاندنی هەندێک ڕاستی دەرکەوت کە ناوبراو هیچ قسەیەکی بۆ کردن پێ نییە و وادەکانی پێشووتری هەموو قسەی سەر زار و درووشمدان بوون.

لەم دانیشتنەدا ٥ ئەندامی مەجلیسی ڕێژیم بە نوێنەرایەتی لەلایەن باقی ئەندامان کە سەبارەت بە دۆخی شپڕێوی ئابووری پرسیاریان هەبوو قسەیان کرد و ڕۆحانیش وڵامی دانەوە بەڵام پاش وەرگرتنی دەنگ لە ئەندامان دەرکەوت کە ڕۆحانی نەیتوانیوە ئەوان بە قەناعەت بگەیەنێت.

٥ ئەندامی ئاماژەبۆکراوی مەجلیس، حەسەن ڕۆحانی و دەوڵەتەکەیان تۆمەتبار کرد بەوەیکە ئاماری ناڕاستی ئابوریی دەدات بەدەستەوە و بۆ چێ‌کردنی پیشەی نوێ کەم‌کارە و ناتوانێ بەرامبەر بە قاچاخ ڕابوەستێ؛ هەروەها بەهۆی بەڕێوەبەریی ناکارامە نەیتوانیوە نرخی ئەرز و سکە سەقامگرتوو بکات.

"کۆمەڵەی زانیارییەکانی ئامریکا" لە ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا پێش‌بینی دۆخێکی وەهای کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە زۆر ئەستەمە باڵی بناژۆخوازی سەر بە خامنەیی دەرەتانی کرانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بدەن بە دەستەوە.

دوابەدوای ئەم دانیشتنەی مەجلیس کە تێیدا ڕۆحانی کۆمەڵێک چەواشەکاری و درۆ و دەلەسەی هێنایە گۆڕێ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەکاربەران دژکردەوەیان نیشان دا و وێڕای بەگاڵتەجاڕزانینی قسەکانی ناوبراو ڕایانگەیاند: ئەوەیکە ڕۆحانی وتی تەنیا دووبارەکردنەوەی ڕێنماییەکانی خامنەیی بووە.

لە ئێستادا و بەپێی یاساکانی خودی ڕێژیم، ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەندامانی مەجلیس ڕازی بن دەتوانن گەڵاڵەی ناکارامەیی ڕۆحانی پەسند بکەن.