کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ئێران دژ بە هەرێمی کوردستان لە یەک بەرە دان

15:32 - 25 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا حەشدی شەعبی و سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئیسلامیی ئێران، لە شاری دوزخورماتوو لە یەک بەرەدا دژ بە هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه شەڕ دەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، ماوەی سێ ڕۆژە کە حەشدی شەعبی پێکهاتوو لە میلیشا شیعەکانی عێراق و ئێران کە لە لایەن سپای تیرۆریستیی پاسدارانی ئێرانەوە پێکهاتووە و پشتیوانیی لێ دەکرێت، وێڕای سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە دژی هێزەکانی پێشمەرگە شەڕ دەکەن و ئەوەش نیگەرانیی جیددی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەو ماوەیەدا، زیاتر لە ٤٩ خانوو و نزیکەی ١٠٠ دوکان لە خورماتوو ئاگریان تێ‏بەردراوە کە بڕی ٥ میلیارد دینار زیان بە هاووڵاتییان گەیشتووە.

 هەروەها، بە هۆی شەڕ و پێکدادان لە نێوانی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو گرووپە تیرۆریستییە، ١٢ چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و نزیکەی ١٤ چەکداری دیکەش بریندار بوون و ٦ هاووڵاتیش شەهید بوونە و ٢٠ی دیکەش بریندارن.

مانەوە و شەڕی حەشدی شعبی دژ بە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی بەرینی خەڵکی لێ‏کەوتووەتەوە و ئەمنیەتی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە.

لەو پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هێزێكی تایبەتی سەر بە حەشدی شەعبی كە نزیكەی ٢٠ ئۆتۆمبێل دەبن، هاتوونەتە ناو شارۆچكەی خورماتوو. لە شەڕ و پێکدادانی نیوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی‏دا کەسێکی بە ڕەگەز توركمانی شیعە لە گەڕەكی عەسكەری خورماتوو كوژرا.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە و وەزیری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەنادۆڵی ڕایگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی حەشدی شەعبی لە بازگەیەکی ھێزەکانی پێشمەرگەدا بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان کردووە و بەو ھۆیەوە پێکدادان ڕووی داوە و ناوبراو هەڕەشەی لە چەکدارانی حەشدی شەعبی کرد و گوتی، کە چیتر لێیان قبووڵ ناکرێت.
بەهۆی دەستدرێژییەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعە مەزهەب بۆ سەر ماڵ و گیانی کوردان لە شارۆچکەی خورماتوو، شەڕ و گرژی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی ئەو میلیشیایەدا ڕووی داوە کە ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و سپای تیرۆریستیی ئەو ڕێژیمەش هاوکاریی ئەو گرووپە دەکات بۆ تێکدانی ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان.

هەنووکە ماوەی ٤ ڕۆژە شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی ‌و پێشمەرگە لە خورماتوو دروست بووە و تا ئێستە چەكدارانی میلیشیا شیعەكان ژمارەیەك پێشمەرگە و هاووڵاتیی كوردیان شەهید كردووە. 

خورماتوو دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدای پایتەختی عێراق. یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ‌و لە ساڵی ١٩٧٦ی زایینییەوە لە لایەن حكومەتی ئەو کاتی عێراقەوە، لە پارێزگای كەركووك دابڕێندراوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین.