کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشیمەتی بەساڵاچووانی ئێران ڕووی لە زیادبوونە

11:30 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: حەشیمەتی بەساڵاچووانی ئێران بەنیسبەت نێونجیی ئاسیا و جیهان ڕووی لە زیادبوونە و دەتوانێت وەک خاڵێکی ڕاوەستەکردن و جێی نیگەرانی بێت.

دوکتور "ئەسغەر دالوەندی"، سەرۆکی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاریی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، بە بۆنەی حەوتووی بەساڵاچووانەوە وتی: "بەساڵاچوویی لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشانە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی دۆخی تەندروستی، دەرمانی و هەڵکشانی پێوەری هیوا بە ژیان".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە هەڵکشانی ئاماری بەساڵاچووان خەریکە دەبێتە چالشێکی گەورە.

ئامارە بڵاوکراوەکان لە ناوەندە ئامارییەکانی خودی ڕێژیم باس لەوە دەکات کە تا ساڵی ١٤٣٠ی هەتاوی، ڕێژەی بەساڵاچووانی ئێران لە نێونجیی ئاسیا و جیهانیش زیاتر دەبێت و ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەو وڵاتە بەساڵاچوو دەبن.

ئەم ئامارانە و هەڵکشانی حەشیمەتی بەساڵاچوو، نیشانەی پیربوونی پێکهاتەی کۆمەڵگایە کە لەولاشەوە حەشیمەتی لاو ڕووی لە دابەزینە.

هۆکارەکانی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی سیاسی و دەسەڵات کە نەبوونی دەرفەتی کار و دەسکورتیی خەڵکی کۆمەڵگا، وا دەکات کە لاوەکان دەست لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هەڵبگرن.

هەروەها گرانی و هەڵاوسانی ئابووری و تێچووی زۆری ژیان، خەڵک لە زاوزێکردن پەشیمان دەکاتەوە.