
مامۆستایانی لەسەر کار و خانەنشینکراو لە شارەکانی کوردستان و ئێران بۆ حەوتەمین جار لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو لە درێژەی داواکارییەکانیان لەمەڕ وێکچوویی مووچەکان، بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، خوێندنی بەخۆڕایی و ئازادکردنی مامۆستانی بەندکراو لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنانی شارەکان کۆ بوونەوە.
شورای هاوئاهەنگیی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان پێشتر لە بەیاننامەیەکدا داوای لە مامۆستایانی کوردستان و ئێران کردبوو کە ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری خۆیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بەرن.
ئەم ناڕەزایەتییانە لە شارەکانی کوردستان و ئێران وەکوو کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، تاران، کەرج، شیراز، ئیسفەهان، لاهیجان و هەمەدان و دەیان شاری دیکە بەڕێوە چووە.
مامۆستایان لەو ناڕەزایەتییانەدا دژی هەڵاواردن و ئاوڕنەدانەوە بە کێشەکانیان و پێداگرییان لەسەر داواکانیان دروشمیان داوە.
گرینگترین داواکاریی مامۆستایان لەو خۆپیشاندانانەدا، بەڕێوەچوونی گەڵاڵەی پلەبەندی، وێکچوونی مووچەی خانەنشکراون، خوێندنی بەخۆڕایی و ئازادکردنی مامۆستایانی زیندانی بووە.
شەشەمین خولی ئەو ناڕەزایەتییانە، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندان لە دەیان شاری ئێران بەڕێوە چووبوو کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردبووە سەر مامۆستایان و چەندین کەسیان دەسبەسەر کردبوو.
هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران هێچ ئاوڕێکی جیددی بە داخوازیی مامۆستایان نەداوەتەوە و شورای هاوئاهەنگیی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان ڕایگەیاندووە، لە ئەگەری ئاوڕنەدانەوە بە داخوازییەکانیان ئەو خۆپیشاندانانە لە ڕەشەمەی ئەمساڵ و لە ساڵی داهاتوودا بە شێوەی جیددی درێژەی دەبێت.