کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوت رێکخراوی کوردستانی، هێرشی پەکەکەیان بۆسەر پێشمەرگە مەحکووم کرد

22:24 - 7 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان لە بلژیک بۆ مەحکووم کردنی هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی کوردستان
سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارلمان و دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

ئێمە رێکخراوی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان لە بلژیک بەداخێکی گرانەوە ئاگادار بووین کە دیسانەوە دەستی غەدر و ماڵوێرانی بەرۆکی گەلی چەوساوەی کوردی گرتەوە و دیسانەوە دوژمنانی گەل دەستیان بە ئاژاوە نانەوە لە نێوان هێزە کوردییەکان کرد و شەڕێکی ماڵوێرانکەری براکوژییان بۆ کورد دروست کرد.

بەرە بەیانی رۆژی یەکشەمە ٢٤/٠٥/٢٠١٥ی زایینی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان پەڵاماری دەستەیەک پێسمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان دا و بە داخەوە لەو پەلامارەدا پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە بەناوی \'\'قادر کەریمی\'\' شەهید و ٣ پێشمەرگەی دیکەش دیکە بریندار بوون.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەو شەڕە، هاودەردی و هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی شەهید قادر کەریمی دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هەروەها داواکارین کە بەپەلە ئەو شەرە ماڵوێرانکەرە کە جیا لە دوژمنان و نەیارانی کورد هیچ قازانجێکی بۆ هیچ لایەن و پارتێکی سیاسی نییە، بوستێنرێت و لێکۆڵینەوەی ورد لە هەڵگیرسێنەران و بڕیاردەرانی ئەو شەرە کوردکوژییە بکرێ و بۆ خەڵکی کوردستان روون بکرێتەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار بکرێتەوە. داواکارین ئەم کێشەیە لە رێگای دیالۆگ و بە مەنتیقی وتووێژەوە چارەسەر بکرێن.
ڕێکخراوی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان لە بلژیک
٢٥/٠٥/٢٠١٥


کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک
ناوچەی بلژیکی پارتی دێموکراتی کوردستان
پارتی سوسیالیستی کوردستان
پارتی یەکیەتیی کورد لە سووریە
حیزبی دێموکراتی کوردستان ــ سووریە
پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە
پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد