کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیش هاوشێوه‌ی خومەینی ڕایگەیاند کە زانکۆکان دەبێت لە دەسەڵاتی کەسانی شۆڕشگێڕ و دیندار دابێت

15:14 - 21 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام لەمه‌ڕ زانکۆکاندا بە شێوەیەکی هاوشێوە قسە دەکەن و لەم دواییانەدا خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە زانکۆکان دەبێ لە دەسەڵاتی کەسانی شۆڕشگێڕ و دینداردا بێت.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی ڕێژیم، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە فەزای زانکۆکان دەبێت لە دەسەڵاتی کەسانی شۆڕشگێڕ و دیندار دابێت و لە بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و ئۆردووی تێکەڵاوی کوڕ و کچانی زانکۆ ڕەخنەی توندی گرت.

خامنەیی ڕیبەری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی زانست و بێهداشت و زانکۆکان نیگەرانیی خۆی لە بواری زانست لە ئێراندا دەربڕی بەڵام ئەو وتەیه‌ی خامنەیی لە کاتێکدایە کە بەردەوام بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن کە زانکۆکان لە ئێراندا ناوەندی گەندەڵی و بێ‌ئەخلاقین و لقگه‌لێ وەکوو زانستە مرۆییەکان بە زانستی دوژمن و ڕۆژئاوا دەزانن.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا باس لە زانست دەکات کە بەرپرسانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بە تەواوەتی زانکۆکانی ئێرانیان بە دەستەوە گرتووە و لە لێدوانەکانی خۆیاندا باس لەوە دەکەن کە ئەمنییەتی وڵات دەبێ لە زانکۆکاندا دەست پێ بکات.

وتەکانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە زۆربەی خوێندەوارانی زانکۆکان دوای تەواوکردنی دەرسەکانیان بێکارن و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی ئیران جگە لەوەى ٥ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکان بێکارن، بەرپرسانى ڕێژیمی ئێران بە فەرمى ڕایانگەیاندووە، ٣٠٠ هەزار هەلى کارکردنیش لە دەستچووە.

هێما بۆ ئه‌وه‌ش کراوە، بێکارى و نەبوونى گەرەنتى بۆ کار، کاریگەریى کردووەتە سەر ژیانى میلیۆنان کەس لە ئێران. هەروەها تا ئاستى خوێندن بەزرتر بێت دۆزینەوەى کارى شیاو بۆ خوێندكاران قورستر دەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ئێستادا یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار خوێندکار لە زانکۆکانى ئێراندا دەخوێنن و ساڵانەش تەنها نزیکەى ٥٠٠ هەزار کەس لە دەرچووانى زانکۆکان دەرفەتى دامەزراندن و هەلى کاریان بۆ دەڕخسێت.

بەپێى ناوەندى ئامارى ئێران، ٢١% گەنجان لە ئێران بێکارن، لەبەرامبەردا و بەپێى ئامارى بانکى ناوەندیى ئێران ٢٢% گەنجانى ئێران بێکارن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ژمارەى دانیشتوانى ئێران ٨٠ ملیۆن کەسە و زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەسى ئەو ژمارەیە لە تەمەنى گەنجیدان.