کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ئاماژەگەرایانە داوای دووپاتکردنەوەی سەرکوتەکانی دەیەی ٦٠ی کردەوە

18:15 - 7 پووشپەڕ 2722

زیندانییانی زیندانی ''ڕەجایی شەهر'' بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ژمارەی ئێعدامەکان لەو زیندانە نیگەرانییان دەربڕیوە و باسیان لەوە کردووە کە لانیکەم ١٠ زیندانی کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە، بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەیان ڕەوانەی قەرەنتینە کراون.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ، ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە دیدار لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دەزگای داد، سەرەڕای ئاماژەدان بە سەرکوتەکانی ساڵی ٦٠ی هەتاوی، داوای دووپاتکردنەوەی ئەو سەرکوتانەی کرد.

خامنەیی بە ئاماژەدان بە ڕووداوەکانی ساڵی ٦٠ی هەتاوی کە بوو بەهۆی ئەوەیکە هەزاران کەس لە ئێران ئێعدام بکرێن و کەشی تۆقێنەر لە دەیەی  ٦٠ پیک بێت، وتوویەتی: ''خودای ساڵی ٦٠ هەمان خودای ئەمساڵە''.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای بەکارهێنانی سزای ئێعدام وەک سزایەکی دڕندانە و نامرۆڤانە، هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەکاری هێناوە و ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا لە هەڵکشاندایە.

لەم دواییانەدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی لەسێدارەدانی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو نزیکەی ٢٠ لەسەد زیادی کردووە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش زیادبوونی ژمارەی ئێعدامەکان لە ئێرانە، بەو واتایە ٥٤ لەسەدی لەسێدارەدانەکانی ساڵ ٢٠٢١، لە ئێران ڕووی داوە.

قسەکانی خامنەیی لە حاڵێکدایە کە حەوتووی پێشووش ''ئانتۆنیۆ گوترێش'' سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی فەرمی لەبارەی دۆخی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئێعدامەکان لەو وڵاتە لە سەرەتای ساڵی ڕابردووی زایینی هەتا ئێستا، نیگەرانیی دەربڕیبوو.

سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو ڕاپۆرتەدا بە بەڵگە‌هێنانەوە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحوکمییەکان، نووسیبووی کە ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە بەنیسبەت ساڵی پێشووتر زیاتر بووە و بە لانیکەمەوە گەیشتووەتە ٣١٠ حاڵەتی ئێعدام.