کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی دژی خۆپیشاندانی خەڵکی عێراقە

17:28 - 8 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆکانی ئەفسەریی ئەرتش، دژکردەوەی خۆی بە خۆپیشاندانەکانی عێراق پیشان دا.

"عەلی خامنەیی"، ڕێبەڕی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر، لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و پێدانی سەردۆشی بە خوێندکارانی دەرچووی زانکۆکانی ئەفسەریی ئەرتش، خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنانی بە ئاژاوە وەسف کرد.

خامنەیی لە قسەکانیدا وتی: "لە جیهاندا زیاتر لە هەموو لایەک ئامریکا و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕۆژئاوا بە پشتیوانیی پارەی وڵاتانی پاشکەوتووی ناوچەکە، شەڕ و ئاژاوە ساز دەکەن".

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەوە مەترسیدارترین دوژمنی و ڕق دژی خەڵکی ئێمەیە".

خامنەیی لەو ڕێوڕەسمەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەو پیلانانەیان بۆ ئێمەش هەبوو، بەڵام سەرنەکەوت و پووچەڵ بووەوە".

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە خامنەیی بڵاوی کردووەتەوە کە خۆپیشاندەران باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا هاوشێوەی ئەوەیکە لە ئێران ڕوویدا، دەستی بەسەردا بگرن.

خەڵکی عێراق و لوبنان ماوەی دوو حەتوو دەبێت کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی سیستمی سیاسیی ئەو وڵاتانە و هەروەها دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا، دروشم دەدەن.