کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی، دۆخی نالەباری سووریە، لوبنان و عێراق بە بەڵێنییەکانی خوا دەزانێت

12:52 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە لەسەر بنەمای زۆر و خورافات دامەزراوە، ئەو بەڵڵایانەی کە بەسەر خەڵکی وڵاتانی دیکە دێنێت بە بەڵێنییەکانی خوای دەزانێت.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەرمانان، لە رێوڕەسمێک لە زانکۆی زانستە دەریایییەکانی ئەرتەشی ڕێژیم، دۆخی وڵاتانی سووریە، عێراق و لوبنانی بە نموونەگەلێک لە دۆڕانی پلانەکانی ئامریکا لە ناوچەکە ناو برد و ئەم دۆخەی بە "نیشانەکانی هێزی خواوەند و دروستی بەڵێنییەکانی خوا"ی زانی.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانی باسی لەوە کردووە، خوازیاری هەرچی بەهێزتربوونی ڕێژیمەکەی بوو و وتوویەتی: "بەپێی ئایەتی قورئان، هەرچی دەتوانن خۆتان بەهێز بکەن، چونکە هێزی ئێوە دوژمن دەتۆقێنێت و پاشەکشەیان پێ دەکات".

لە دیداری خامنەیی و ولادیمیر پووتین، لە ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانان، سووریەی وەکوو نموونەیەکی سەرکەوتوو لە کونتڕۆڵکردنی ئامریکا زانی و باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا لە سووریە بەڕاستی دۆڕاوە و بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە".

قسەکانی خامنەیی لە حاڵێکدایە، هەبوونی هێزە نیزامییەکانی و یارمەتیدانی گرووپە تێرۆریستییەکان لە سووریە، عێراق، لوبنان و یەمەن، ئەم ڕێژیمەی لەگەڵ کێشە و گوشارە نێونەتەوەیییەکان بەرەوڕوو کردووە و یەکێک لە هۆکاری گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم ڕێژیمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە رێژیم دەیەوێت بە هەبوونی هێزی نیزامیی لە وڵاتە ناوبردووەکان هەژموونی و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنن و بەسەر ناوچەکەدا زاڵ ببێت.