کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی سەبارەت بە دابەشکردنی ئێراق هۆشداری بە فۆئاد مەعسووم دا

16:05 - 4 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: نابێت دۆخەکە بە ئاقارێکدا بڕوات کە ئامریکاییەکان مافی ئەوە بە خۆیان بدەن ڕاشکاوانە باس لە دابەشکردنی عێراق بکەن.

ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، خامنەیی لە دیدارێک لەگەڵ فۆاد مەعسووم‏دا گوتی: خەڵکی عێراق بریتی لە شیعە و سوننە و کورد و عەرەب، بە درێژایی سەدەکان بەبێ هێچ کێشە و گرفتێک پێکەوە ژیاون، بەڵام مەخابن هەندێ لە وڵاتانی ناوچە و هەروەها بیانییەکان هەوڵی زەق‏کردنەوەی ناکۆکییەکان دەدەن.

ئەم وتانەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدان کە وڵاتی عێراق کە ٩٥ ساڵ بەسەر دامەزرانیدا تێپەڕ دەبێت، هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە مێژوویەکی تەژی لە ئاژاوە و ناکۆکیی خوێناویی فیرقەیی، نەتەوەیی و سەرکوتی بەربڵاو و خوێنینی هەبووە کە کوژران و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەسی بەدواوە بووە.

لەم مانگانەی دواییدا و پاش دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی بەرچاوی خاکی عێراق و سوورییە لە لایەن گرووپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، هەندێ لە دەسەڵاتدارانی فەرمیی ئامریکا پێشبینیی ئەوەیان کرد کە ئەو دوو وڵاتە هەرگیز ناتوانن یەکپارچەیی نیشتمانیی خۆیان بەدەست بهێننەوە.

بۆ نموونە وینسێنت ئێستوارت، بەرپرسی ئاژانسی زانیارییە بەرگرییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە مانگی سێپتامبردا گوتبووی کە پێدەچێ کوردەکان هەرگیز نەگەڕێنەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و سوورییەش بە دوو یان سێ بەش، دابەش دەکرێت.

جان بێرنان، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی زانیاریی ناوەندیی ئامریکا (سی ئای ئەی) یش هەمان ڕۆژ گوتی کە سوورییەکان و عێراقییەکان زیاتر لەوەی کە خۆیان بە وڵاتەکانیانەوە بناسێنن، بە شوناسی ئیتنیکی و ئایینییانەوە پێناسەی خۆیان دەکەن.

بێرنان لە درێژەی قسەکانی‏دا گوتی: بە بڕوای من ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە یەک دوو دەیەی داهاتوودا وەها ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا دێت کە پێشتر بەخۆیەوە نەیدیتووە.

ئەو بابەتەی کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە دەسەڵاتدارانی عێراق نیگەرانی دابەشبوونی ئەم وڵاتەن، خۆی دەرخەری نیگەرانیی قووڵی دەسەڵاتداران لە پۆتانسیێلە باڵاکانی بزووتنەوە مافخوازانەکانی نەتەوە زوڵم لێ‏کراوەکانی ئێران و کاریگەریی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە لەسەر ئەو بزووتنەوانەیە.