کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی لە کاردانەوە بە فایلی دەنگی وتوویەتی کە دەیانهەوێت تۆمەت لە سپای پاسداران بدەن

17:28 - 28 رێبەندان 2721

''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕێبەندان لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییەی کە گەندەڵییەکانی نێو سپای پاسدارانی تێدا ئاشکرا بووە، پشتیوانیی لە سپای پاسداران کرد و وتوویەتی: "دوژمن هەوڵ دەدات بناغەکانی ئینقلاب بەدناو بکات".

خامنەیی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا بۆ بەشێک لە خەڵکی تەورێز وتی: ''لە ژوورەکانی فکریی خۆیان میلیاردها دۆلار خەرج دەکەن و هەوڵ دەدەن هەتا لاوەکان لە ڕێگای گوشاری ئابووری و بەدناوکردن و درۆسازکردن بە لاڕێدا ببن''.

ئەم فایلە دەنگییە ٤٩ خولەکییە کە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان لەلایەن ''ڕادیۆ فەردا'' بڵاو بووەوە، بەشێکی زۆری لەسەر دانیشتنی نهێنیی ''محەممەد عەلی جەعفەری'' فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و ''سادق زۆلقەدەرنیا'' جێگری پێشووی ئابووری و سازەندەگیی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لەخۆ دەگرێت کە گەندەڵیی هێزەکانی سەر بە لقی قودسی سپای پاسداران، بونیادی تەعاونی سپا و شارەداریی تاران ئاشکرا دەکات.

لەو فایلە دەنگییەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خامنەیی فەرمانی داوە کە ٩٠ لەسەد لە داهاتەکانی بونیادی تەعاونی سپای پاسداران بۆ لقی قودسی سپای پاسداران کراوە، تەرخان بکرێت.

لەو فایلە دەنگییەدا باس لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی ''محەممەد باقر قاڵیباف'' شارەداری ئەوکاتی تاران و سەرۆکی ئێستای مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسداران، ''جەماڵەدین ئابرومەند'' جێگری ئەوکاتی هاوئاهەنگیی سپا و ''حوسێن تائێب'' بەرپرسی ئیتلاعاتی سپا کراوە کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە گەندەڵیدا هەبووە.

خامنەیی سەبارەت بەو فایلە دەنگییە وتوویەتی کە دەیانهەوێت تۆمەت لە بناغەکانی ئینقلاب بدەن.

قسەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە هەواڵدەریی ''فارس'' سەر بە سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، ڕاستبوونی فایلی دەنگیی دانیشتنی نهێنیی ''محەممەد عەلی جەعفەری'' فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

ئەو هەواڵدەرییە لە ڕاپۆرتێکدا وتوویەتی کە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕاستبوونی ئەو فایلە دەنگییە پشتڕاست دەکاتەوە و باسی لەوە کردووە: ''بەو جۆرەی کە لەو فایلەدا هاتووە سادق زۆلقەدرنیا جێگری ئابووریی سپا باس لە گەندەڵییەک لە گرووپی یاس دەکات کە فەرماندەیەکی پێشووی سپا بەرپرسی بووە".