کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

13:36 - 13 پووشپەڕ 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەشێک لە خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان لە چەندین شاری ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان لە شارەکانی "کرماشان، ئەراک، شووشتەر، ئەهواز، دۆروود و ڕەشت" بە دانی دروشم دژی بێکیفایەتیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

ڕێژیم وەک هەمیشە بە جێگیرکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی لە شەقامەکانی ئەو شارانە، هەوڵی دا پێش بە کۆبوونەوی ناڕازییان بگرێت.

ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوان لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیم، نرخی هەڵاوسان لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بەنیسبەت بیست ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەڵکشانی هەبووە.

بەپێی پێشبینیی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، شتومەک و خواردەمەنییەکان لە چەند مانگی داهاتوودا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە.