کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خانەنشینکراوان لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

17:53 - 1 جۆزەردان 2722

خانەنشینکراوان و مووچەوەرگرانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە وڵامنەدانەوە بە داواکارییەکانیان لە شارەکانی "تەورێز، ئەهواز، کرمان و قەزوین" ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕازییان ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان، دژی هەڵاواردن و بێ عەداڵەتی دروشمیان دا و داوای بەرزبوونەوەی مووچەکانی خۆیان بەنیسبەت هێڵی هەژاری، بەڕێوەچوونی یاسای هاوسانسازیی مووچەکان و چارەسەریی کێشەکانی بیمەیان کرد.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە ئێران ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی، مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە حاڵی پەرەگرتندا بووە.

پرۆژەی هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان لە دەوڵەتی ڕابردوو ڕادەستی مەجلیس کرا، بەڵام بە هۆکارگەلی وەکوو پەرەپێدانی بەرنامەی نیزامی و یارمەتی بە گرووپە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا بە پەسەند نەگەیشتووە.

سەندووقی خانەنشینکراوان لە ئێران بەهۆی گەندەڵیی بەڕێوەبەران و کەڵکوەرگرتن لە سەرمایەی ئەو سەندووقانە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە تووشی مایەپووچی بوونە.

بەپێی ئامارە فەرمییە بڵاوکراوەکان لە ئێران لانیکەم نیوەی خەڵکی ئەو وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان دەکەن.