ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینکراوانی مووچەخۆر کە سەبارەت بە دۆخی بژیوی ژیان و کەمبوونی مووچەکەیان ناڕازیین، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕازییەتییەکانی خۆیان ڕۆژی سیشەممە ٧ی بەفرانبار لەبەردەم مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا ناڕازییان دروشمی وەک ''قالیباف حیا کن، مجلس را رها کن'' و ''اجرای همسانسازی حق مسلم ماست''یان وتووەتەوە و داوای مافەکانی خۆیان کردووە.
هەروەها خانەنشینکراون لە شارەکانی وەک: ''سنە، هەمەدان، شاری کورد، ساری، قەزوین، ئیسفەهان'' و چەندین شاری دیکە لەبەردەم سەندوقی خانەنشینکراوانی ئەو شارانە کۆبوونەوەی ناڕزایەتییان بەڕێوە بردووە.
خانەشینکراون داوای ئەوە دەکەن کە لە مووچەیەکی گونجاو لەگەڵ ئاستی نێونجیی تێچووی ژیانی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی بەهەرەمەند بن و چاکسازی بەسەر مووچەکەیاندا بکرێتەوە و هەرەوەها سەبارەت بە گرانیی هاوسارپچڕاو و گەندەڵی لە ئێران ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.
کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەو کۆبوونەوانە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەوڵ بۆ پێشگرتن لە ناڕەزایەتییەکان و سەرکوت و دەسبەرسەری بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ٢ هەزار کۆبوونەوەی ناڕزایەتی و مانگرتن لەلایەن چالاکانی مەدەنی، مامۆستایان، کرێکاران، و زیندانیان لە ئێران بەڕێوە چووە.