
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز، خانەنشینکراوانی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" و "سندووقی فولاد" لانیکەم لە چوار پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خانەنشینکراوانی "سندووقی فولاد" پێشتریش سەبارەت بە زیادکردنی مووچە و هاوسەنگسازیی مووچەی خانەنشینکراوان لە ئیسفەهان و ئەلئەحواز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.
هەروەها خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی "ئەهواز، ڕەشت و کرماشان" بە داخوازیی "هاوسەنگسازیی مووچە، بیمەی خۆڕایی و زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی تێچووەکانی ژیان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
مەجلیسی ڕێژیم توێژینەوەی پرۆژەیاسای هاوسەنگسازیی مووچەی خانەنشینکراوانی بە بیانووی کەمیی سەرچاوەکانی بودجە وەدوا خستووە.
ڕێژیم بە جێگای دابینکردنی ویست و داخوازییەکانی خانەنشینکراوان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا تەمەنی خانەنشینکرانی بۆ دوو ساڵ زیاتر کرد، هەروەها گۆڕانکاریی بەسەر شێوەی هەژماردنی مووچەی کاتیی خانەنشینیدا هێنا.