
لە درێژەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، خانەنیشینکراوانی موخابراتی "ڕێگای دووری شیراز" لە بەردەم پارێزگاریی "فارس" ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ئەو ناڕازییانە دروشمی "خانەنشینکراو هاوار بکە و داوای مافی خۆت بکە"یان وتووەتەوە.
هەروەها خانەنشینکراوانی ناڕازی گەورەڕێی "سەردار جەنگەڵیـ"ـی شاری شیرازیان گرتبوو، بە شێوەیەک کە ماشینەکان بە دژواری تێدەپەڕین.
پێنەدانی مووچە و حەقدەست، هەروەها دۆخی شپرزی ئابووریی ڕێژیمی ئێران بووەتە هۆی ئەوەی کە بژێویی ژیانی خەڵک بە ئەستەم دابین بکرێت و چین و توێژە جیاوازەکان بڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانی خۆیان بکەن.
هەروەها لە درێژەی مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز مامۆستایان لە قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان لە سێهەمین ڕۆژی ناڕەزایەتیی خۆیان مانیان گرت و نەچوونە سەر پۆلەکانیان.
ڕۆژی یەکشەممەش ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەز، خانەنشینکراوانی "دابینکردنی کۆمەڵایەتی" و "سندووقی فولاد" لانیکەم لە چوار پارێزگای ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.