کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی کرماشان بەنیسبەت کەمیی خۆراکی پەلەوەرەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

18:39 - 3 خەرمانان 2720

ژمارەیەک لە خاوەن کێڵگەی پەلەوەرەکانی کرماشان بەنیسبەت کەمیی خۆراکی پەلەوەرەکان بە تایبەت گەنمەشامی و سۆیا، لە بەردەم بینای ڕێکخراوی جەهادی کشاوەرزیی ئەم پارێزگایە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ناڕازییان کەمیی گەنمەشامی و سۆیایان کە بە ئەرزی دەوڵەتی هاوردە کراوە و هەروەها گوشاری ستادی ڕێککردنی بازاڕ بۆ کێڵگەی پەلەوەرەکان کە دەبێ مریشک بە نرخی ١٠ هەزار و ٥٠٠ تمەن بڵاو بکەنەوە، بە کێشەی سەرەکیی خۆیان ناو لێ بردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری بەردەوامیی ئەم دۆخە، پیشەی پەلەوەرداری تووشی قەیران دەبێت.

بە وتەی یەکێک لە خاوەن کێڵگەکان، خۆراکی پەلەوەرەکان بە شێوەی سەلیقەیی لەنێوان پەلەوەرداراندا بڵاو دەکرێتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە: "ستادی ڕێککردنی بازاڕ گوشاری هێناوە کە مریشکی زیندوو بە نرخی کیلۆیەک بە ١٠ هەزار و ٥٠٠ تمەن بڵاو بکەینەوە، بەڵام ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر کیلۆ مریشکی زیندوو بۆ خاوەن کێڵگەکان هەتا ١٤ هەزار تمەن تێچووی هەیە".

لەو پەیوەندییەدا، ''بەهرام خانی'' جێگری باشترکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکانی جەهادی کشاوەرزیی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە ئەم کێشەیە تەنیا پەیوەندیدار بە پارێزگای کرماشان نییە و لە مانگی گەلاوێژدا گرفتیان بۆ هاتووەتە پێش.

هەروەها ناوبراو وەکوو بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم تەنیا وادە و بەڵینیی داوە کە کێشەی کێڵگەی پەلەوەرەکان چارەسەر بکات.

ئابووریی ئێران کە بەرەو داڕمان ڕۆیشتووە، زۆربەی پێشەکان تووشی قیران بوونە یان داخراون، بەم هۆیەوە ڕێژیەکی زۆر لە کرێکاران بێکار بوونە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەریی ئەم دۆخە ناگرنەبەر و تەنیا بەڵینیی درۆ بە خەڵک دەدەن.