کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاکی لەوەڕگە و مەزراکانی ئێران بۆ دەرەوە قاچاخ دەکرێت

12:16 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی ئاو و خاکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، باسی لە قاچاخی خاکی لەوەڕگە و مەزراکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات کرد.

"عەلی موریدی"، بەرپرسی گشتیی ئاو و خاکی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا وتوویەتی: "قاچاخی خاکەکانی ئێران لە دەیەکانی هەشتاوە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستایش بەردەوامە و قاچاخی خاکی لەوەڕگە و مەزراکانی لە پارێزگاکانی باشوور لەوانە پارێزگای فارس ئەنجام دەدرێت".

بە وتەی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم، "قاچاخی خاکی ئێران بۆ وڵاتەکانی دەوروبەری کەنداو، بەتایبەت ئەمارات و قەتەرە، کە لە ئەماراتدا بۆ سازکردنی دوورگەی دەسکرد و بۆ وشککردنی زەریاکان بەکاری دەهێنن."

هەر لەم پێوەندییەدا، دوو ساڵ پێش، مەعسوومە ئیبتکار، بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیم، باسی لەوە کردبوو، کە خاکی دوورگەی هۆرمۆز قاچاخ دەکرێت و دەبێ پێشی پێ بگرن.

پێشتریش چەند کەس لە نۆێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، لە ڕاستای قاچاخکردنی خاکی ئێران لە ژێر بارە سیمانەوە هۆشدارییان دابوو.

بەردەوامیی قاچاخی خاکی لەوەڕگەکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات لە حاڵێکدایە، کە حەوتووی ڕابردوو "مەنووچهر گورجی"، بەرپرسی ئەنجوومەنی زانستیی خاکی ڕێژیم، باسی لە ڕۆچوونی ساڵانە ٢ میلیارد تۆن لە خاکی ئێران کردووە و زیانەکانی ئەم ڕۆچوونەی به ٥٦ میلیارد دۆڵار لە ساڵدا خەمڵاندووە.