کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپیی ڕەوشی ئابووری بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی نێوخۆیی هەناردەی وڵاتانی دراوسێ بکرێ

17:53 - 9 بەفرانبار 2721

نرخی هەر کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵ لە بازاڕەکانی ئێران لەم حەوتوویەدا ١٧٠هەزار تمەن و سۆیا ٣٧ هەزار تمەن بووە.

"عەلی ئەسغەر مەلکی" سەرۆکی یەکیەتیی فرۆشیارانی گۆشتی ئاژەڵ وتوویەتی لە حەوتووی داهاتوودا نرخەکان گۆڕانی زیاتریان بەسەردا دێ.

ناوبراو وتوویەتی نرخی گۆشتی مەڕ لە حەوتووی ڕابردووەوە تا ئێستا ١٥ هەزار تمەن گرانتر بووە و هۆکارەکەشی بۆ هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە بۆ وڵاتانی عەرەبی گەڕاندووتەوە.

هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی ئاژەڵ لە ڕاگرتنی ئاژەڵەکان لە دابڕگە بۆ هەناردەکردنیان بۆ وڵاتانی خوارووی ئێران سەرچاوە دەگرێ.

ئاژەڵ لە ئێراندا بە مەبەستی هەناردەکردن لە دابڕگەکانی کرماشان و پارێزگاکانی باشووری ئێران ڕادەگیرێ. هەرسەرێک ئاژەڵ پێش ئەوەی هەناردە بکرێ، ١٤ ڕۆژ لە دابڕگەدا دەمێنێتەوە.

نەبوونی سیاسەتی دروستی ئابووری و کەمیی داهات بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک لەگەڵ ڕەوشێکی زۆر دژوار ڕووبەڕوو بن و توانایی کڕینی زۆربەی شتومەک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان نەبێ و سەرەڕای ئەوەش لەبەر نەبوونی مێکانیزمی گونجاو و لەباری ئابووری هەر ڕۆژەی نرخی شتومەکەکان دەچێتە سەرەوە.